جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامی كوردستان ( گوڵان): بوونی نەتەوە پەیوەستە بە ئاین و تەبایی و برایەتی یەوە ، پەیڕەوكردنی ئاینیش بەبێ نیشتمان و نەتەوە سەركەوتوو نابێت

جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامی كوردستان ( گوڵان): بوونی نەتەوە پەیوەستە بە ئاین و تەبایی و برایەتی یەوە ، پەیڕەوكردنی ئاینیش بەبێ نیشتمان و نەتەوە سەركەوتوو نابێت

 

مامۆستا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لەدیمانەیەكی گۆڤاری گوڵاندا باسی لە پێكەوەژیانی ئاینی و كلتووری لێبووردەیی و ئاشتی لەناو نەتەوەی كورددا كردوو رایگەیاند : پێكەوەژیان مێژوویەكی دەوڵەمەندی لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا هەیە و بەردەوام مزگەوت و حوجرە و تەكیە و خانەقاكانی كوردستان شوێنی ئیشق و میهرەبانی و خۆشەویستی خودا بووە، خودای گەورە و میهرەبان لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (والأرض وضعها للأنام) واتا خودای گەورە زەوی بۆ هەموو كەس داناوە تا لەسەری بژین، كەواتە هەموو نەتەوەیەك و هۆزێك و تاكێك مافی ژیانی هەیە لەسەر ئەم زەوییە بەبێ جیاوازی و خوا هیچ نەتەوەیەكی تایبەت نەكردووە، دەوڵەتت هەبێت یاخود نەبێت ، دەوڵەتداریی و سەربەخۆیی بۆ هەموو نەتەوەكان حەڵاڵە. لەوەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە رۆڵی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بۆ پاراستنی ئەم پێكەوەژیانە جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان وتی: كورد لەراستی و دروستی ئاینی ئیسلام گەیشتووەو لەم سەرچاوەیەشەوە ڕێز لەهەموو نەتەوەو ئاین و مەزهەبێك دەگرێت. خودای گەورەو میهرەبان دەڵێت ( ولقد كرمنا بني ادم ) كاتێك خودای گەورە رێزی لەگشت مرۆڤ و نەتەوەو هۆزو تیرەیەك گرتبێت كورد ئەم فەرموودە پیرۆزەی جێبەجێ كردووە. بەدرێژایی مێژوو جولەكەو كریستیان و ئێزیدی و كاكەیی و دەیان مەزهەب و نەتەوەی جۆراوجۆر لەسەر ئەم خاكە ژیاون و كوردی موسڵمان ڕێزی لێكردوون و هەڵسوكەوتی لەگەڵیاندا زۆر باش بووە، لەخۆشی و ناخۆشیەكاندا هاوبەشمان بوون و هیچ كاتێك هەست بەوە نەكراوە كە زوڵمیان لێكرابێت، مانەوەی ئەم ئاین و ئاینزایانە لەجێگای خۆیان و بەردەوامی بەبۆنە ئاینیەكانیان بەڵگەیەكی روونە بۆ پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردنی نێوان ئاین و ئاینزاكانی كوردستان.

Top