چی گرنتیەک ھەیە لە کەرکوک ھاوپەیمانی دروست بکرێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتویی عێراق، خیانەت کارانی «١٦» ئۆکتۆبەر جارێکی کەو «١٠» جاری کە خیانەت ناکەنەوە؟
بەشی«١»
سەبارەت بەفرە بازنەیی کە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەردوو دەزگای ھەڵبژاردن دەنگیان بۆدا، ئەو فرە بازنەییە مخالفی دەستورە مادەی «٤٩» فەقەرەی«أ»
لەدەستوری عێراق «١٠٠» ھەزار کەس دەبێت کورسیەکی ھەبێت لە پەرلەمان،
بەلام لە بازنەی یەکی کەرکوک بۆ کورسیەک «١٣٢٨٧١» کەس دانراوە.
لەبازنەی دوو بۆ کورسیەک «١٣٨٤٧٨» کەس دانراوە.
بۆ حەویجە بازنەی سێ بۆ کورسیەک «٩١» ھەزار کەس دانراوە!
لێرە مخالفی دەستور دیارە، زۆر کەس شکاتی کردووە رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەحزابی سیاسی کە ئەم یاساییە غەڵەتە، دژبەمافی مرۆفە دژبەیەکسانیە دژبە دەستوری عێراقە لەناو یاساکەش دژبەمادەکانی ترە.
بەئومێدین ئەم یاساییە ھەموار بکرێت چاکبکرێت کەرکوک بکرێت بە «١» بازنە، ھەر «١٩» پارێزگاکە، ھەرپارێزگای بکرێت بە «١» بازنە.
دادگای فیدراڵی گەر بیەوێت مسداقیەتی لەدەست نەدات و روی خۆی سپی بکات لەپێش مێژوو لەپێش ویژدان، پرۆسەی دیموکراسی دەبێت حەقانی بێت، بریار بدات کە ئەم یاسا مخالفی دەستورە،
لەدەستور ھاتووە ھەر «١٠٠» ھەزار کەس یەک کورسی ھەبێت، بۆ لە کەرکوک بازنەی دوو «١٣٨٤٧٨» کەس دانراوە بۆ لە حەویجە «٩١» ھەزار دانراوە؟!
ئەرکی ھەموو لایەکە ئەم راستیە بخاتەروو کە ئەم ھەڵە چاکبکرێت.
لەلایەکیتر دۆخی ئەمنی شارەکە تەواو نیە، کەرکوک ھەموو جۆرە میلیشیایەکی حەشدی تێدایە، ھەموو جۆرە ئاڵایەی رەش و سور و شینی و ھەمەرەنگی تێدایە، تەنھا ئاڵای حورمەتی ناگیرێت ئاڵای پیرۆزی کوردستانە.
لەمادەی «١١٧» دەستوری عێراق ھاتووە، ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی فەرمی ھەمیشەییە، یاساو بریارەکانی پەرلەمانی کوردستان کارپێکراوە، پەرلەمانی کوردستانیش بەفەرمی ئاڵای کوردستانی ناساندووە، بەس ئەم ئاڵا لە کەرکوک قەدەغەیە!
ھەندێ لایەنیش دروست کراون بەناوی تورکمان و عەرەب بۆ پارە پەیداکردن، کە تورکمان و عەرەب لێیان بێبەرین، ھەرکە ناوی کوردستان و ئاڵا و پێشمەرگە بھێنرێت بەگژیدا دەچنەوە، ئەم ھەڵبژاردنە بەم بازنانەو بەم وەزعی ئەمنیە لە زەرەری کورد تەواو دەبێت.
سەبارەت بە ھاوپەیمانی پێشوتر ھەبوو... بەڵام خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەری گروپێکی ناو یەکێتی ژێر بەژێر رێکەوتنیان لە گەڵ حکومەتی ئتحادی کردبوو کە شەوی ١٥ لەسەر ١٦ ئۆکتۆبەر ھێزەکانیان کشاندەوەو کەرکوکیان بەم دۆخە گەیاند.
گەر پارتی بچوبوایەتە ناو شاری کەرکوک، دەبووە شەری پارتی و یەکێتی و کەسیش نەی دەزانی کێ خیانەتی کردووە و بۆچی ئەم شەرە دەبێت و دەیان گوت پارتی بۆ نەوت ھاتووە.
گەر لە باتێوەو کانی دۆمەڵان و ناوشوان شەربکرایە توشی خەسارەتی زۆر دەبووین، شەر بۆ ئەوەیە سەرکەویت نەک زەرەر بکەی.
ئێمە لە رۆژئاوای کەرکوک «٨» لیوای پێشمەرگە بووین «٦» یەکێتی بوون «٢» پارتی ، ھیچ فەرقمان نەدەکرد چۆنین لەگەڵ یەکتر، ئەوان ھەموویان ساحەکەیان بەجێھێشت بەفەرمانی گروپێکی خیانەت کاری ناو یەکێتی کەناسراون بە خیانەت کارانی ١٦ ئۆکتۆبەر.
گەر لەناو دووبز و پردێ شەرمان بکردایە خەڵکی سڤیل و ژن و مندال و بی چەک دەبوونە قوربانی و دەبووە جینۆساید.
بۆیە لەپردێ شەرمان کرد، کە توانیمان پێش بە سوپاو حەشد و ھێزی دەرەکی و پۆلیسی ئتحادی و میلیشیاکانی بگرین و بیان شکێنین،
لەو شەرەدا ئابرامز شکێندراو پایتەختی ھەرێمی کوردستانمان پاراست.
لە ئێستەدا یەک ھەڵوێستی لەگەڵ چی بکەین؟
یەکەم یاساکە تاکە کەسیەو دەنگی ھیچ کاندیدێک بۆ ئەویدی ناروات تا ھاوپەیمانیەک ھەبێت و کاندید بە ریزبەندی بێت و ھەموو دەنگی بۆ بدات.
تەجروبەمان ھەیە، چی گرنتیەک ھەیە لە کەرکوک ھاوپەیمانی دروست بکرێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتویی عێراق، خیانەت کارانی «١٦» ئۆکتۆبەر جارێکی کەو «١٠» جاری کە خیانەت ناکەنەوە؟
بەرێز د.کەمال کەرکوکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک ـ گەرمیان
١١ـی ٦ـی ٢٠٢١
