پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەركووك - گەرمیان بەبۆنەی یادی (٣٦) ساڵەی کارەساتی بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەركووك - گەرمیان بەبۆنەی یادی (٣٦) ساڵەی کارەساتی بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە


پێش (٣٦) ساڵ لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ له (٩-ی حوزیرانی ساڵی ١٩٨٥) بەفەرمانی سەدامی دیکتاتۆر و ڕژێمەکەی ، بە فڕۆکە جەنگیەکانیان ھێرشیان بردە سەر دانیشتووانی سڤیلی ئۆردوگای زێوە لە کوردستانی ڕۆژھەڵات کە دانیشتوانی ئۆردوگاکە پێك ھاتبوون لە ئەو مرۆڤە سڤیل و سەربەرزانەی کە لە دوای ڕێکەوتنامەی جزائر لە ئۆردوگای زێوە مابونەوە و نەچونەوە ژێر دەسەلاتی ڕژێمی بەعسی بەغدا ، ئەو ئۆروگایە لە ( ئافرەت و پیاوی پیر و جوان و منداڵ کە ھەموو هاووڵاتیی ئاسایی سڤیلی کوردستانی باشوور بوون لەبەر ستەمی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی بەغدا لە ئۆردوگای زێوەی کوردستانی ڕۆژھەڵات نیشتەجێ بووبوون .
لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ لە ئۆردوگایی زێوە بە بۆردومانی دیکتاتۆرەکانی بەغدا (١٥٠) سەد و پەنجا هاووڵاتیی سڤیل لە ئافرەت و منداڵ و پیاو، پیر و جوان شەھید بوون و (٣٧٥) سێ سەد و حەفتا و پێنج کەسی دیکەیش بریندار بوون.

تاوانی ئۆردوگای زێوە یەکێکە لە تاوانە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دژ بە هاووڵاتیانی سڤیلی گەلی کورد.

بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە، پەڵەیەکی دیکەی ڕەش و نەنگە لە مێژووی دیکتاتۆرە فەرمان بەدەستەکانی بەغدا و ئەو تاوانە دەچێتە خانەی تاوانی جەنگ و جینۆساید.
سەرە ڕای گشت ئەو تاوانانە زۆرینەی ھەر زۆری ڕۆڵە سەربەرزەکانی گەلی گوردو کوردستانی دڵسۆزو ماف داگیرکراو باوەڕی تەواوی بەخۆی و بە ڕەوایەتی مافەکانی و بەسەرکەوتنی ھەیە و سەریش دەکەوێت وتەواوی مافەکانی بەدەست دێنێتن.
لەم یادە دڵتەزێنەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھیدانی کارەساتی زێوە و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان دادەنەوێنین.

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سەربەرزی کارەساتی زێوه و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان.

دکتۆر کەمال کەرکوکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك- گەرمیان
٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١

Top