ئێران... ئاگرێكی گەورە لە كارگەیەكی ماددە خۆراكییەكان كەوتەوە
لە کارگەیەکی ماددە خۆراکییەکان لە نێوان شارەکانی کەرەج و قەزویندا لە باشوری تارانی پایتەختی ئێراندا، ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە، لەم بارەوە بەڕێوەبەری ناوەندی فریاکەوتنی خێرا لە پارێزگای ئەلبورزی نزیک لە تاران ڕایگەیاند بەوهۆی ئەو ئاگرەوە ٢٤ کەس بریندار بوون، برینی یەکێک لە بریندارەكانیش زۆر سەختە.
ناوبراو ڕوونكردنەوەی زیاتری داو گوتی: تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە و ئاگرەکەشیان كۆنتڕۆڵ كرد.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە كە لە ڕۆژی ٢٦ی مانگی ڕابردوو، تەقینەوەیەک لە کۆمپانیایەکی پترۆکیمیایی لە ناوچەی عەسلوەییەی باشووری ئێراندا ڕوویداو بەوهۆیەشەوە کەسێک گیانی لە دەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون، ماوەیەكیشە ئاگر لە زۆر شارو شوێنی ئەو وڵاتە دەكەوێتەوە.
گوڵان- بەهادین جەلال
