بڕیاری ڕۆژی (7-6-2017) بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كارێکی دروست و دادپەروەرانە بوو.

بڕیاری ڕۆژی (7-6-2017) بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كارێکی دروست و دادپەروەرانە بوو.

ئەمڕۆ یادی ڕۆژێكی مێژووییە لە ژیانی سیاسی و مێژوویی گەلی كوردستان.
لە 7ـی حوزەیرانی 2017ـدا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرەشتیی ڕێزدار سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاك مسعود بارزانی بە كۆدەنگی بڕیاریان لە سەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بتوانێ بە ڕێگەیەكی ئاشتییانە و لە کەش و ھەوایەکی ئازاد و دیموکراسیدا دەنگ و ویستی خۆی بە جیهانیان بگەیێنێت.

ئەم بڕیارە دەستكەوتێكی گرانبەها بوو بۆ هەموو هاووڵاتییانی كوردستان و شانازییش بوو بۆ هەموو ئەو لایەنانەی كە لە دەركردنی ئەو بڕیارە بەشدار بوون و لێشی پەشێمان نەبوونەوە.

لە بابەتی ڕیفراندۆم و ئەنجامدانیدا بۆ سەرجەم دنیای ھاوچەرخ، ڕوون و ئاشکرا بوو کە گەلی کورد و کوردستان ئاوات و خواستیان سەربەخۆیی گەل و خاکی کوردستانە.

ڕیفراندۆم بەپێی پەیمان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ مافی ھەر گەلێكە لە سەر خاکی خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی لە ڕیفراندۆمێکی گشتی و ئازاد بدات. جێبەجێکردنی ماف، لە یاسای نێودەوڵەتی و پەیمان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندکەرە.

بۆیە ئەو بڕیارە پیرۆزەی گەلی کوردستان کە لە (25-9-2017) دای دەبێت جێبەجێ بکرێت و، زوو یا درەنگ ئەو ڕۆژە دێت.

د.کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیان
7-6-2021

Top