باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هاوخەمیی بۆ ئاگركەوتنەوەكەی شاریا ڕاگەیاند

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هاوخەمیی بۆ ئاگركەوتنەوەكەی شاریا ڕاگەیاند

 

دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەکەی کەمپی شاریای سەر بە پارێزگای دهۆک کە ئاوارە ئێزدییەکان تیایدا نیشتەجێن و لە ئاكامدا٣٧٠ خێوەت سووتان کە ١٨٤ خێزان تیایاندا نیشتەجێبوون و سەرجەم کەلوپەل و سامانیان سووتا.

 باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوخەمیی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوەش كرد كە لەگەڵ ھاوبەشەکانیان لە کەمپی شاریا لەوانە کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان و ڕێکخراوی یونسێف و ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی لە پەیوەندیدان بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو کەسانەی کە بەھۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها باڵیۆزخانەكە دووپاتی كردەوە كە زۆر گرنگە ھەوڵی بدرێت چارەسەری یەکجارەکی و کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق بدۆزرێتەوە، بە شێوەیەك ئاوارەکان ئارەزوومەندانە و لە ڕەوشێکی ئارامدا بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.

شایانی باسە کەمپی شاریا دەکەوێتە باشووری شاری دھۆک و ھاووڵاتییانی ئێزدی تێدا نیشتەجێین کە بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی ۆێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر شنگال لە ھاوینی ٢٠١٤دا ئاوارە بوون.

Top