یەکێتی لاوان سەرکۆنەی پەلاماری پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
بەداخەوە ئەمڕۆ لە پەلامارێکی ترسنۆکانە و شەرمنانەی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەی مەتینا لە سنوری ئامێدی پێنج پێشمەرگەی کوردستان کە ئەرکیان پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە بوو بە ناحەق شەهید کران و چەند پێشمەرگەیەکی تری قارەمانیش برینداربوون.
ئێمە لە یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەو پەلامارە، سەرەخۆشی لە کەس و کاری شەهیدان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوەی برینداران بە ئاوات دەخوازین.
یەکێتی لاوان بە روونی پێی وایە ئەم دەستدرێژی و پەلاماردانەی پەکەکە هیچ رەوایەتێکی نیە و کارێکی ترسنۆکانەیە و دڵی دوژمنان خۆشدەکات، چاومان لەوەبووە کە پەکەکە هاوکار و هەماهەنگ بێ بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کەچی خۆی داردەست و پەلاماردەرە، بۆیە تەئکیدی دەکەینەوە کە ئەم هێرش و دەستدرێژی و کاولکاریەیی پەکەکە دەستی داوەتێ کارێکی نابەجێیە و مایەیی قبوڵکردن نیە و ژینگە و ئاسایشی کوردستانی تێکداوە و دەستی دەرەکی و تورکیای هێناوەتە قوڵای خاکەکەمان، بۆیە پێویستە لەم کاتە هەستیارەدا لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزە سیاسیەکانی کوردستان لەمەڕ داگیرکردن و شەهید کردنی ڕۆڵەکانمان بەدەنگ بێن و ئەم هێزە ناشەرعیە بوەستێنن.
سەری ڕێز دادەنوێنین بۆ شەهیدانی کوردستان و ئاواتمانە خاکی کوردستان بەدووربێت لە ناخۆشی و نەهامەتی زیاتر.
٥ی٦ی٢٠٢١
مەکتەبی سکرتاریەتی (ی.ل.د.ک)
