پارێزگاری هەولێر: چۆن بەرگری لەشکۆی هاوڵاتییانی خۆمان دەکەین، بەهامنشێوە بەرگری لەو هاوڵاتییانەش دەکەین کە لەشارەکەمان دەژین یان سەردان دەکەن
ئەمشەو هەینی 2021.5.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕیوەبەری پۆلیسی هەولێر، سەردانی بازگەکانی لێژنەی ئەمنی هاوبهشی پارێزگای هەولێر کرد کە شەوانە لەنێو شەقامە سەرەکییەکان و شوێنە گشتییەکانی هەولێر لەئەرکدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و ئوتۆمبێلی بێ تابلۆ.
پارێزگاری هەولێر، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاند، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی هێزە ئەمنیە هاوبەشەکانی (پێشمەرگە، زێرەڤانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی فریاکەوتن، پۆلیسی هاتوچۆ)، ڕایگەیاند:" ئەمشەو وێڕای دەستخۆشی کردن و پێزان بۆ ئەو ئەرک و کارەی ئەنجامی دەدەن، هاتووین پیرۆزبایی جەژنیان لێبکەین و پێداویستی خۆپارێزیان بەسەر دابەشبکەین، چونکە ئەو هێزانە جگە لەئەنجامدانی ئەرکەکەیان تێکەڵاوییەکی زۆریشیان لەگەڵ خەڵک هەیە".
دواتر پارێزگاری هەولێر، لەوەڵامی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ڕووداوی هێرشکردنە سەر خێزانێکی شاری هەولێر لە وڵاتی تورکیا، ڕایگەیاند: "جارێکی دیکە ئیدانەی ئەوکار نامرۆڤانەیە دەکەین، ئێمە ئەمڕۆ بەبەردەوامی لەگەڵ کونسڵی گشتیی وڵاتی تورکیا لەهەولێر و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵ بووین، خۆشبەختانە لەئاستی کونسڵخانە و پارێزگا و دەزگا ئەمنییەکانی مێرسین زۆر بەگەرمی لەگەڵمان هاتنە سەرهێڵ و توانرا لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەم هەرسێ تاوانبار کە هێرشیانکردبووە سەر ئەو خێزانەی شاری هەولێر دەستگیربکرێن و ئیستا پەڕاوی لێکۆ لینەوەیان بۆکراوە، هەروەها ئەو خێزانەشی کە هێرشیانکرابووە سەر لەهوتێلن و ئەمنیەتیان پارێزراوە و لەلایەن پۆلیسەوە چاودێری دەکرێن".
پارێزگاری هەولێر، هەروەها وتی: "ئێمە وێڕای ئهوهی جارێکی تر ئیدانەی ئەوکارە دەکەین، دڵنییای بەخەڵکی خۆشەویستی شارەکەمان دەدەین وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری لە شکۆ ئێوە دەکەین، ئەوەش بەئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین، ئێمە هەر لە دەسپێکی زانینی ئەو ڕووداوە ناخۆشە ڕاستەخۆ پەیوەندیمان بەکونسڵی گشتی ولاتی تورکیا لەهەولێر کردوو و ئیدانەی ئەوکارەمانکردوو و داوای ڕوونکردنەوەمان کردووە، لێرەشەوە سوپاسی هەڵوێستیان دەکەین کە بەگەرمی لەگەڵمان هاتنە سەرهێڵ، هەروەها سوپاس بۆ دەزگاکانی پۆلیسی ئەوان کە هەر زوو توانیان تاوانباران دەستگیربکەن، بەڵام ئەوە مانای ئەوەنییە کە ئەو بابەتە کۆتایی هاتووە، بەڵکو هێشتا ڕوونکردنەوە و لێکۆڵینەوەی زیاترمان دەوێت، دەبێت هۆکاری ئەو هێرشکردنە ڕوونبکرێتەوە، ئێمە و وڵاتی تورکیا دوو دراوسێی یەکترین و شاندی هاوبەشمان لەگەڵ یەکتر هەیە، خەڵک لە هەردوو وڵاتەوە هاتووچۆ دەکات، ڕوودانی ئەوجۆرە کارانە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە، هەروەک دەبینین لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە پەرچەکرداری توند هەیە، داواکارین لەهەموو ئەوانەی دەیانەوێت بەجۆرێک لەجۆرەکان پەرچەکرداریان هەبێت یان ئەو ڕووداوە بکەنە بیانویەک بۆئەوەی کاری دیکە بکرێت، بەهیچ جۆرێک هیچ جۆرە پەرچەکرداێک قەبوڵکراونییە، ئێمە وەکو چۆن بەرگری لەشکۆی هاوڵاتییانی شاری خۆمان دەکەین لەجێگای دیکە، بەهامنشێوە بەرگری لەهەموو ئەو هاوڵاتیانەش دەکەین کە لەشارە خۆشەویستەکەمان دەژین یان سەردانی هەولێر دەکەن".
