ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان نیوەی ساڵی پار باران باریوو
ئەمساڵ گرتنەوەى ئاوی زێى بچووک لەلایەن ئێرانەوە کاریگەرى زیاتر دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان
بۆ ئەوەی بزانین ئەگەر ئاوی زێی بچوك لەلایەن ئێران بگیرێتەوە چ كاریگەریەكی خراپ لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و كەمئاوی و ئاستی ئاو لە كوردستان دروست دەكات لەگەڵ ئەوەش وەك دەزانین رێژەی بارانبارین ئەمساڵ زۆر كەمتربوو لەساڵانی رابردوو بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرى بەنداوەکانى هەرێمی كوردستان كرد ئەویش رایگەیاند: ئەگەر ئێران ئەمساڵیش هاوشێوەى ساڵانى رابردوو ئاوى زێى بچووک بگرێتەوە، ئەوا کاریگەرى زۆر زیاترى دەبێت لە چاو ساڵانى رابردوو، چونکە ئەمساڵ کەمتر لە نیوەى ساڵی رابردوو باران باریوە.
ئەندازیار ئەکرەم ساڵح بەڕێوەبەرى بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان بە (گوڵان)ى راگەیاند "بەهۆى کەمى رێژەى باران بارینەوە ئەمساڵ ئاستى ئاوى بەنداوەکان بۆ نیوە و بگرە کەمتریش دابەزیوە، ئەگەر داهاتى ئاوى ئەمساڵ بە نمونە وەربگرین، ئەمڕۆ 164 مەتر چوارگۆشە ئاو لە چرکەیەكدا رژاوەتە ناو بەنداوەکان، کەچى پار ئەو کاتانە 268 مەتر چوار گۆشە لە چرکەیەكدا رژاوەتە ناو بەنداوەکان، پار تا ئەم کاتە لە بەنداوى دەربەندیخان 591 ملم باران باریوە، کەچى ئەمساڵ تەنیا 236 ملم باران باریوە".
هەروەها بەرێوەبەری بەنداوەكانی هەرێم رایگەیاند "ساڵانە ئێران سەرەتاى مانگى شەش دەست دەکات بە گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک کە سەرچاوەى سەرەکیی ئاوى دوکانە، جگە لەمەش ئاوى رووبارى سیروانیش دەگرێتەوە، ئەگەر ئەمساڵیش بەو رێژەیەى ساڵانى رابردوو ئاو بگرێتەوە، ئەوا زیانێکى زۆر گەورە بەر کوردستان دەكەوێ، چ لەرووى ئاوى خواردنەوەوە، چ بۆ ئاودێری و كاری کشتوکاڵی، ئەمەش کاریگەرى لەسەر ژینگە و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دروست دەكات.
ئەندازیار ئەكرەم ساڵح بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر ئێران ئاوى زێى بچووک بە رێژەیەکى زۆر بگرێتەوە، ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنى گرفتى کەمئاوى، ساڵی پاریش دواى گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک لەگەڵ بەرپرسانى کۆنسوڵخانەى ئێران لە هەرێم گفتوگۆیان کرد، پاشان ئێران رەزامەندی دەربڕی وئاوەکەى بەردایەوە.
ئامادەكردنی: گوڵان/ ساڵح عومەر
