پهيامێك له سهرۆكى ههرێمى كوردستانهوه
سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
ئێمە چەندین جار حكوومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوودوەرگرتن لە بۆشاییيە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگادار كردووەتەوە. هێرشی شەوی ڕابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعشدا.
لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانيی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بە خێرایی كار بكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكار نەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بە شێوەیەكی خێرا.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/5/1
گولان
