لە سلێمانی.. كۆمپانیایەك كۆمەكی نابینایان دەكات
ڕێكخراوی ڕۆشنایی دڵ بۆ خزمەت تایبەت بە نابینایان، لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە سلێمانی رایگەیاند كە كۆمپانیایەك ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە كۆمەكی دارایی و خۆراك پێشكەش بە دەیان خێزان لەم توێژە بكەن بە بۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە.
مەحمود محەمەد بەڕێوەبەری ڕێكخراوەكە سوپاسی كۆمپاینای شێركۆی كرد كە ئەم ئەركەی لەئەستۆ گرتووەو كۆمەكی ئەو خێزانانەی كردووە.
ناوبراو داواشی لە حكومەت و خێرخوازان و بازرگانان و خاوەن كۆمپانیاكان كرد كە دەست پێشخەری بكەن و دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بكەن.. ڕوونیشی كردەوە كە مووچەی مانگانەی كارمەندانی ئەم ڕێكخراوە (150) هەزار دینارە، كە بەشی بژێوی ژیانیان ناكات.
هەر لەمیانی ڕێوڕەسمی دابەشكردنی كۆمەكەكان نمایشێكی كاری دەستی لە ئێكسسواری ئافرەتان وەك هاندانێك پێشكەش كرا، تاكو ئەندامانی ڕێكخراوەكە بپەرژێنە سەر كاری دەستی و بتوانن لە فرۆشتنی بەرهەمەكانیان دەستكەوتێك بۆ خۆیان دابین بكەن.
گوڵان: بەهادین جەلال
