ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە گوڵانی راگەیاند: پرۆژەی پیشەسازی خۆراك لە شاری هەولێر لە قۆناغی كۆتایدایە
پڕۆژەی پێشەسازی خۆراك یەكێكە لەو پرۆژە گرنگانەی كە دەبێتە فاكتەرێك بۆ هاندان و هاوكاری و یارمەتی جوتیاران ئەو پرۆژەیەش لە كابینەی نۆیەمدا بڕیاری جێبەجێكردنی دراوە و بۆ ئەو مەبەستە گرێبەست لەگەڵ سەرمایەدارو كەرتی تایبەت كراوە، هەر چەندە ئەو پرۆژە گرنگە لە هەموو وڵاتانی دنیادا بە دوو شێوە كاری لەسەر دەكرێت. یەكەم: لەبواری كەرتی گشتیدا وەكو حكومەت دەبێت ئەنجام بدرێت، لەم بوارەدا پلانێكی درێژخایەن هەیە كە هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. دووەم: لەم شێوەیەدا پرۆژەكە كەرتی تایبەت ئەنجامی دەدات كە ئێستا ئەو پرۆژەیە لە شاری هەولێر لەژێر جێبەجێكردندایە كە كەرتی تایبەتیش بۆ ئەوەی پرۆژەكە سەركەوتوو بێت و بەباشترین شێوە جێبەجێ بكرێت ئەوە پرۆژەیەكەی كردۆتە دوو بەش كە بەشێكی دروستكردنی شاری بەرهەمهێنانی خۆراكییەكانە كە ئەم بەشەی لەلایەن كۆمپانیاكانی گروپی خۆشناو جێبەجێ دەكرێت و پرۆژەكە چەند مانگێكە دەستی پێكردیە كە رێژەیەكی زۆری گەنمی جوتیاران لەناو پرۆسەیەكی زۆر مونەزەمی ئەلكترۆنیدا كە جوتیار دەتوانێت بەرهەمەكەی خۆی پێشكەش بكات و پاش چەند كاتژمێرێك هەم كەشفی بەرهەمەكەی بكرێت لەرووی جۆرو كوالیتی و لەماوەی كەمتر لە چوار كاتژمێر جوتیارەكە پارەی گەنم و بەرهەمەكەی خۆی وەردەگرێت، بۆ زیاتر ئاگاداربوون لەسەر ئەو پرۆژەییە لە چەند رۆژی رابردوو سەردانی ئەو پرۆژەیەمان كرد كە هەندێ گرفت و پێداویستی هەبوو وەك گرفتەكانی ئاو و كارەبا دەستبەجێ بڕیاری چارەسەركردنی ئەو گرفتانەدراو بەپێ ئەو پلانەی هەیە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا واتە لە كۆتایی مانگی 6/2021 ئەوە پرۆژەكە بەشە سەرەكییەكەی تەواو دەبێت و دەكەوێتە كاركردن و ئەمساڵ دەست بەوەرگرتنی بەرهەمی جوتیاران دەكەن و ئەو پرۆژەیە ئەو گرفتە گەورەیەی جوتیاران كە تا ئێستا بەردەوامە كە جوتیاران هەق و پارەی گەنمی ساڵی 2015ن وەرنەگرتیە لە بەغدا ئەوە بەشێك لەو گرفتەش چارەسەر دەكات، هاوكات پاش دابینكردنی بەشی ناوخۆی دەتوانێت بەرهەمەكانی بۆ شارەكانی دیكەش رەوانە بكات.
ئامادەكردنی: گوڵان/ سالح عومەر
