حكوومەتی هەرێمی كوردستان سێ مانگ جارێک هەنگاوەكانی چاکسازی رادەستی پەرلەمان دەکات

حكوومەتی هەرێمی كوردستان سێ مانگ جارێک هەنگاوەكانی چاکسازی رادەستی پەرلەمان دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە حكوومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، رادەستی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، بڕیاریشە هەر سێ مانگ جارێک حکوومەت، پەرلەمانی کوردستان لە هەنگاوە چاکسازییەکانی ئاگادار بکاتەوە.

لەمبارەیەوە سەعید مستەفا جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند ئەم کابینەیەی حکوومەت سەلماندوویەتی شەفاف و کراوەیە بەڕووی پەرلەماندا و ئامادەیە هەموو زانیاری و داتایەکی پێبدات، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە ئەو چاکسازیانەی حکوومەت دەستی پێکردوون لە ئاستێکی بەرزدایە، دواجار راستەوخۆ کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دەبێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی ئامانج لە رادەستکردنی ئەو ڕاپۆرتانەی چاکسازی لەلایەن حکوومەتەوە، ئەوەیە كە پەرلەمان ئاگاداری وردەكاری و هەنگاوەكانی یاسای چاكسازی بێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا “ئەم کابینەیەی حکوومەت بە کردار سەلماندوویەتی کابینەیەکی شەفاف و کراوەیە بەڕووی پەرلەمان وەکو دەزگایەکی چاودێری، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکوومەت، گرنگی زۆر بە پەرلەمان دەدات وەکو دەزگایەکی چاودێری بەسەر حکوومەتەکەیەوە” .

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە ئەو چاکسازییانەی حکوومەت دەستی پێکردووە لە ئاستێکی بەرزدان و دواجار راستەوخۆ کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دەبێت، گوتیشی “پەرلەمانیش دوای هاتنی راپۆرتەکە بەکاری خۆی هەڵدەستێت و سەرۆكایەتیی پەرلەمان راپۆرتەکە ئاڕاستەی ئەو لیژنانەی دەکات کە پەیوەندیان بە پرسی چاکسازیەوە هەیە و پێش دەرکردنی یاساکە كاریان لەسەر یاسایی چاکسازی كردووە”.

جێی باسە، پرۆژە یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، لە 16-01-2020 لە پەرلەمانی كوردستان ‏‏دەرچووە و دواتر لە رۆژی 03-02-2020 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر كرا و لە 1ی مانگی تەمموزی رابردووشدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكەمین راپۆرتی چاكسازیی دایە پەرلەمانی كوردستان.












باسنیوز


Top