33 كهس لەسهر رووداوەکەی کۆمەڵگهی چڕە دەستگیر کران
لەم بارەیەوە، قایمقامی قەزای شێخان رای گەیاند: ”رووداوەکەی کۆمەڵگهی چڕە لە دەڤەری شێخان، لەسەر کێشەی زەویوزار بووە، ئەو کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1978 و تا ئێستا چارەسەر نەبووە“.
سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان، گوتیشی: ”ئێستا ئەو کێشەیە لە دادگایە و لەسەر شەڕ و تەقەکردنەکە 33 کەس دەستگیر کراون“.
زیاتر روونی کردەوە و گوتی: ”ئەو کێشەیە لەنێوان خاوەن موڵک و جووتیاران دایە و ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1978، هەر چەند ساڵ جارێک کێشەکە سەر هەڵدەداتەوە و نوێ دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارە کێشەکە گەیشتووەتە دادگا و بە بڕیاری دادگا 33 کەس دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێ“.
گوتیشی: ”دادگا کێشەی نێوان ئەو خاوەن موڵک و جووتیارانە یەکلا دەکاتەوە و بەپێی یاسا ئەو تۆمەتبارانەش سزا دەدات، کە دەستیان لە شەڕەکەدا هەیە و تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە ئافرەتێک کوژراوە“.
ئاشکراشی کرد: ”لەلایەن حکوومەتەوە، چەندین جار و بەردەوام لەسەر ئاستی ناحیە و قایمقام و پارێزگا، تا دەگاتە وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ هەردوو لای ناکۆک کۆبوونەوەمان کردووە و پێمان گوتوون، بەپێی یاسا و لە دادگا کێشەکەیان یەکلا بکەنەوە و کۆتایی پێ بێنن، بەداخەوە نەگەیشتنە یەک و کێشەکەیان چارەسەر نەکرد، تا لەو شەڕەی ئەم دواییەیاندا ئافرەتێک بە دەستڕێژی گوللە بووە قوربانی و گیانی لەدەست دا“.
باسنیوز
