پارێزگاری دهۆک ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕووداوەکەی کۆمەڵگەی چڕە دەدات
ئەمڕۆ یەکشەممە 25/4/2021، پارێزگاری دهۆک لە سەردانێکیدا بۆ قەزای شێخان، بەمەبەستی راگەیاندنی چەند پرۆژەیەک بۆ ناوچەکە، هاوکات لەبارەی کێشە و رووداوەکەی شەوی ڕابردووی کۆمەڵگەی چڕە بۆ میدیاکان روونکردنەوەی دا.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا سەبارەت بە رووداوەکەی چڕە، گوتی: "ئەو کێشەیە لە نێوان ئەو دوو بنەماڵە و لەسەر زەویوزار بووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار هەوڵی داوە کێشەکەیان بە ئاشتی بۆ چارەسەر بکات".
گوتیشی: "چەندین جار وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و من و قایمقام و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە لەگەڵ هەردوو لایان کۆ بووینەتەوە، بۆ ئەوەی کێشەکەیان بە ئاشتی چارەسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە هەردوولا کەمتەرخەم بوون و یەکێک لە لایەکانی کێشەکە رازی نەدەبوو".
پارێزگاری دهۆک گوتیشی: "شەوی رابردوو، دوای شەڕ و تەقەی نێوانیان، پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و هەموو رێوشوێنێکی یاسایی گرتووەتە بەر و ژمارەیەک کەسیشی دەستبەسەر کردوون، کە پەیوەندییان بە رووداوەکەوە هەیە".
عەلی تەتەر ڕاشی گەیاند: "دەگوترێ لە شەڕەکەدا چەکی قورس بەکار هێنراوە، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، ئەگەر دەربکەوێ چەکی قورس بەکار هاتبێت، ئەوا سزاکەیان قورستر دەبێ و دادگا سزای هەر کەسێک دەدا لە رووداوەکەدا تۆمەتبار بێت".
باسنيوز
