وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە هیند ڕادەگەیەنێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە هیند ڕادەگەیەنێت
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢) زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرایان لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئەنجوومەنی هیندی بۆ پێوەندییە کولتوورییەکان لە چەند بواردا لەو وڵاتە ڕاگەیاندووە.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵادا کە بەم بۆنەوە بڵاو کراوەتەوە هاتووە: "وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتى هیند لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئەنجوومەنى هیندى بۆ پەیوەندییە کولتورییەکان بۆ مامۆستا و فەرمانبەر و هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى کولتورى هیندى وەک (سەما، مۆسیقا، شانۆ، پەیکەرسازى و زمانە هیندییەکان) بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) ڕادەگەیەنێت".

مەرج و وردەکارییەکانی پێشکەشکردنی داواکاری و چۆنیەتیی وەرگیران لەو زەمالەی خوێندنە بەم چەشنەیە کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە خراوەتە ڕوو:

لەو چوارچێوەیەدا هەر کەسێک مەرجەکانی تێدا بێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی هیند هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکانە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن، کە دوا کات بۆ پێشکەشکردن بریتە لە (٣٠/٤/٢٠٢١):

بۆ زانیاریی زیاتر لێرە کلیک بکەن

تێبینی: وەزارەت تەنها کار لەسەر هەردوو بەرنامەی ماستەر و دکتۆرا دەکات.

ماستەر:
- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.

- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر، یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێ لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت.

- دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت.

-دەبێت تەمەنی پێشکەشکار لە (٤٥) ساڵ زیاتر نەبێت.

- ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێویستە پێش پێشکەشکردن، تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.

- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بواردا بێت).

- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، پێویستە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدارەوە تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ بدرێت، واتە بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ، و تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکیی زەمالەکە (هیند) دەبێت.

- لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تادەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.

دوا کات بۆ پێشکەشکردن بریتیە لە (٣٠/٤/٢٠٢١).

٢- دکتۆرا:

- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.

- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا پێویستە لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە، لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت.

- دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (٧٠%) کەمتر نەبێت.

- دەبێت تەمەنی لە (٥٠) ساڵ زیاتر نەبێت.

-ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەکەوە بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێش پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.

- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆیدا داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتە ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).

- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدارەوە تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی جێگیرەکان.

- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هیندەوە پشتگیری دارایی دەکرێت، و بۆ وردەکاریی زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

- پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ، و تەنها لەڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکیی زەمالەکەوە دەبێت.

- لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تادەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.

- دوا کات بۆ پێشکەشکردن بریتیە لە (٣٠/٤/٢٠٢١).

تێبینى: هەر کەسێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تێدا نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێ نادرێت.






باسنیوز
Top