بەشیر حەداد: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ بکاتەوە
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی 47 ساڵەى بۆردوومانکردنی شاری قەڵادزێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ 47 ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی ئەوکاتی عێراق دا تێپەڕدەبێت، کە بەھۆیەوە 123 ھاووڵاتی بێتاوان شەھید و زیاتر لە 400 ھاووڵاتیش برینداربوون، کە زۆبەیان قوتابی و مامۆستای زانکۆ بوون".
دەشڵێت: "ڕژێمی بەعسى رووخاو ھەر بەو تاوانەوە نەوەستا و لە 1982/4/24 دا ساڵێک دوای رووداوەکە جارێكی دیكە دەستی چوویەوە خوێنی ھاووڵاتیانی بێتاوانی ئەو شارە و بەھۆی دەستڕێژیکردنی گوللەوە بە نێو خۆپیشاندەران دا چەندین ھاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، ئەم تاوانە دڕندانەیەی رژێمی بەعس، زامێکی قووڵ و لەبیرنەکراوە و ھەمیشە لە بیرو ھزری ئێمەدا دەمێنێتەوە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەشی بەوەداوە، "لەم یادەدا، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵی لە چوارچێوەی مادەی 132ی دەستووری فیدراڵی، کار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی ئەو رووداوە بکاتەوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری ھەوڵی سڕینەوەی ئاسەواری ئەو رووداوانە بدات".
باسنيوز
