ئێزدییەكان لە بڕیاری دادگای مووسڵ بە لەسێدارەدانی چوار گەنجی ئێزدی نیگەرانن
خدر ساڵح، یەکێکە لە کەسوکاری ئەو 4 گەنجەی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، رای گەیاند: "دادگای مووسڵ بە تۆمەتی تیرۆر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ 4 گەنجی ئێمە دەرکردووە بە ناوەکانی (ئهحمهد فارس، فاروق فهیسهڵ، شعلان ئهلیاس، سهعید خدر سهعدۆ)”.
گوتیشی: ”ئێمە ئەو بڕیارە رەت دەکەینەوە و قبووڵ ناکەین، دەمانەوێ ئەو تیرۆریستانەی خەڵکی مەدەنیی شنگایان کوشت و رفاند و بێسەروشوێن کرد، دادگایی بکرێن و لەسێدارە بدرێن، نەک خەڵکی ئێمە بە تۆمەتی تیرۆر بگیرێ و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەربکرێ“.
ئەو هاووڵاتییە داواش لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، رێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بکەن.
رۆژی 26/9/2020، دوو گهنجی عهرهب لە هۆزی شەمەر، لەسەر رێگای نێوان تەل عوزێر و شنگالدا کوژران، هەر ئەو رۆژ، هێزە عێراقییەکان 4 گەنجی ئێزدییان بە تۆمەتی کوشتنی ئەو 2 کەسە دەستگیر کرد.
جههوهر عهلى بهگ، جێگری میری ئێزدییان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان، ئاشکرا کرد: "ئێمە ئەم بڕیارەی لەسێدارەدانی ئەو 4 گەنجەی ئێزدی رەت دەکەینەوە و پێویستە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت، ئەم بڕیارە ئێزدییەکانی زۆر دڵگران کردووە“.
بڕیاری لەسێدارەدان بۆ 4 گەنجی ئێزدی، ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو ئێزدییاندا لێکەوتووەتەوە و داوای هەڵوێست وەرگرتن و خۆپیشاندان دەکەن.
باسنیوز
