عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت: تا ژوورەكانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش كارا نەكرێن دۆخی ئەمنیی ناوچە جێناكۆكەكان باش نابێت
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 24/4/2021 لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له ژووری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان ڕای گه‌یاند: ”چه‌كدارانی داعش به به‌رده‌وامی له ناوچه‌كانی تكریت و دیاله جووڵه و هێرش دەكەن و ناوه‌ناوه‌ش هاوپه‌یمانان گورزیان لێ ده‌وه‌شێنن“.
وێڕای ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی به گرنگیی هێرشه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش كرد، به‌ڵام پێشی وایه ئه‌و ناوچانه ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا بمێنن، "هێرش و په‌لاماره‌كانی داعش به‌رده‌وام ده‌بن".
عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، به گرنگی ده‌زانێ ئه‌و ژوورانه‌ی وه‌ك ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه، چالاك بكرێن، به‌ڵام "لایه‌نی عێراقی وه‌كوو پێویست ڕێككەوتنەكانیان جێبەجێ نەكردووە، وا باشە له ماوه‌ی داهاتووش ئه‌گه‌ر بوار بڕه‌خسێت، كۆبوونه‌وه بكرێت و بگه‌ینه رێككه‌وتنی نوێ بۆ جێبه‌جێكردنی بریاره‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش".
نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له ژووری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كا، كه هێزی هاوپه‌یمانان و سوپای عێراق ده‌زانن ئه‌و مووشه‌كانه چۆن ئاڕاسته‌ی هه‌ولێر ده‌كرێن، به‌ڵام تا ئێستا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌سه‌ر میكانیزمی پاراستنی ئه‌منیه‌تیی ئه‌و ناوچانه نه‌دراوه كه مووشه‌كیان لێوه ئاڕاسته ده‌كرێت، بۆیه گرنگه هه‌موو لایك به ئاماده‌بوونی هاوپه‌یمانان و نوێنه‌ری یوئێن، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین و هاوپه‌یمانان بڕیار له‌سه‌ر میكانیزمێكی گونجاو بده‌ن.
باس‌نیوز
