ئەنەکەسە داوای وەستاندنی شەڕ لە قامیشلۆ دەکات
ئەنەکەسە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: میلیشیای بەرگریی نیشتمانیی سەر بە رژێمی سووریا هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕەکەیە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە).
لە بەیاننامەکەدا، ئەنەکەسە داوای ”دەستبەجێ“ راگرتنی شەڕەکە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ماڵ و موڵکیان دەکات، کە ئەو شەڕە بووەتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان.
ئەنەکەسە داواش کەسایەتی و پێکهاتەکانی قامیشلۆ دەکات بە گیانی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و هەموو بیرکردنەوەیەکی دژی یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیان، رەت بکەنەوە.
شەڕەکە دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکداری میلیشیای بەرگریی نیشتمانیی سەر بە رژێمی سووریا لەلایەن ئاسایشی پەیەدەوە لە بازگەیەکی قامیشلۆ لە رۆژی سێشەممە 20-4-2021 دروست بووە و تا ئێستاش بە پچڕ پچڕی بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکان، سێ منداڵ بە گوللەی چەکدارانی سەر بە رژێمی سووریا گیانیان لەدەست داوە و دووی دیکەش بریندار بوون.
ئاسایشی پەیەدە گیان لەدەستدانی کارمەندێکی ئاسایشی بەناوی خالید حاجی، راگەیاندووە و لە شەڕەکانیشدا، لانی کەم پێنج چەکداری سەر بە رژێمی سووریا کوژران و هەشتی دیکەش بریندار بوون.
باسنيوز
