ئەمڕۆ 47مین ساڵوەگەڕی بۆردومانی قەڵادزێیە

ئەمڕۆ 47مین ساڵوەگەڕی بۆردومانی قەڵادزێیە
ئەمڕۆ 24ی نیسان، 47مین ساڵوەگەڕی بۆردومانی شاری قەڵادزێیە کە لەلایەن حکوومەتی بەعسی ڕووخاوەوە بە فڕۆکە بۆردومان کرا و دەیان کەس شەهید و بریندار بوون.

کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانیی ساڵی 1974 بە چەند فڕۆکەیەکی ڕژێمی بەعس، بەشێک لە زانکۆی سلێمانی کە ئەوکات لە قەڵادزێ بوو بۆردومان کرا کە بووە هۆی شەهیدبوونی 134 کەس و 150 کەسیش بریندار بوون و زیاتر لە 200 خانووش ڕووخێندران و زۆرینەی شەهید و بریندارکان خوێندکاران بوون.

دانیشتوانی قەڵادزێ دوای هەشت ساڵ لە رووداوی بۆردومانی شارەکەیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، لە ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢ بۆ یەکەمجار لەدژی حکوومەت ڕاپەڕین کە بە توندی لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە سەرکوت کران و كە چەندان شەهید و برینداری لێ كەوتەوە و دەیان گەنج و هاووڵاتی و كەسایەتیی شارەكە لەلایەن دامودەزگاكانی بەعسەوە گیران و زیندانی كران.

قەڵادزێ یەکێک لە شارۆچکەکانی سەر بە قەزای پشدەرە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی دانیشتوانی ١٤٠ هەزار کەسە، لە ساڵی ١٨٩٣ لەلایەن عوسمانییەكانەوە قەڵادزێ‌ كراوە بە قەزا بۆ جێبەجێكردنی دەسەڵاتی ناوەندی، بەڵام دواتر کراوەتەوە بە ناحیە.

ڕووبەری تەواوی سنووری قەزای پشدەر بەگشتی ٤٠٠ كیلۆمەتر دوو جا دەبێت و لەڕووی پۆلێنی جوگرافیاییەوە دەکەوێتە ناوچەی چیا بەرزەکان و بەرزایی لە دامێنی زێی بچووک دەگاتە (٧٨٠) پێ و تا بەرەو باکوور بچیت، زیاد دەکات و دەگاتە 1800 پێ.

قەڵادزێ‌ پێكهاتووە لە گەڕەکەكانی (كارەبا، خانەقا، ئیمام قاسمە، ئاشتی، شەهیدان، ڕاپەڕین، هەنارۆك، گربداخ و فەرمانبەران) سنووری قەزای پشدەر دەشتێكی بەرفراوانی هەیە و هەر چوار دەورەی بە زنجیرە چیا دەور دراوە، لە سنووری رۆژهەڵاتی قەڵادزێ‌ بریتییە لە چیاكانی (مامەندە، بڵفەت، دووپەزە و ملەبا) لە بەشی رۆژئاواش چیای كێوەڕەش و لە بەشی باكووری زنجیرە چیای قەندیل و لە بەشی باشووریش زنجیرە چیای ئاسۆس و كوڕیس هەڵکەوتوون".

ڕووباری زێی بچووك كە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە دێت، بە نزیك شاری قەڵادزێدا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە بەنداوی دووكانەوە.



ڕووداوەکانی قەڵادزێ بریتین لە:

1-لە ساڵی 1963حكوومەتی عیراق لە سەردەمی (عەبدولسەلام عارف)دا بۆردومانی شاری قەڵادزێیان كردووە.

2-لە ساڵی 1966دا جارێكی‌تر و لە سەردەمی حكوومەتەكەی (عەبدولڕەحەمن عارف)دا بۆردوومانی ئەو شارەیان كردووەتەوە.

3-كارەساتی بۆردوومانی 24/4/1974لەلایەن رژێمی بەعس و شەهیدكردنی هاووڵاتیانی ئەو شارە و ڕووخانی زانكۆی سلێمانی لە قەڵادزێ‌ بە قەدەغەترین چەك.

4-یەكەم شاڵاوی ڕاگواستنی زۆرەملێی رژێمی بەعس لە ساڵی 1977دا كە دانیشتووانی گوندەكانی بناری قەندیل بوون.

5-دووەم شاڵاوی راگواستنی زۆرەملێ‌ كە 1978دا رژێمی بەعس گوندەكانی راگواستن بۆ ئۆردوگاكانی (بەستەستێن، تووەسوران، ژاراوە و پێماڵك) بوو.

6-راگواستنی جارێكی تری زۆرەملێی ئۆردووگای بەستەستێن لە ساڵی 1981.

8-راپەڕینی 24/4/1982بۆ یادكردنەوەی بۆردوومان و كارەساتی 24/4/1974بوو كە چین و توێژە جیاجیاكانی قەڵادزێ‌ دژی رژێمی بەعس ڕاپەڕین.


باسنيوز
Top