حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌
گوته‌بێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ بۆنه‌ى ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت هیواخوازین میدیاکارانی کوردستانی هەڵگری ئەو پەیامە نیشتمانییە بن، کە 123 ساڵ لەمەوبەر بە دەستپێشخەری میقداد بەدرخان، دامەزرێنەری یەکەمین رۆژنامەی کوردی دەستی پێکرد.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22/4/2021، د. جووتیار عادل، گوته‌بێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بەبۆنەی ١٢٣هه‌مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان) پیرۆزبایی لە میدیاکارانی کوردستان و هۆگرانی پێشخستنی بواری ڕۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین دەکەین".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەستکردن بە گرنگیی کاری ڕۆژنامەنووسی بۆ خستنەڕووی شەفافیەتی زیاتر لە ڕاپەراندنی کاروبارەکانی دا، ئەرکی خۆی بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەکی لەبار و داکۆکیکار بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی جێبەجێ دەکات، کە لە سایەیدا میدیاکاران بتوانن ئەرکی پیشەیی خۆیان ڕاپەڕێنن و ببنە دەسەڵاتێکی چاودێر بەسەر کار و ئەرکەکانمانەوە".

گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "هیواخوازین میدیاکارانی کوردستانی هەڵگری ئەو پەیامە نیشتمانییە بن، کە 123 ساڵ لەمەوبەر بە دەستپێشخەری میقداد بەدرخان، دامەزرێنەری یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دەستی پێکرد و بە درێژایی تەمەنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکی لە گەیاندنی پەیامی دۆزی ڕەوای گەلی کورد گێڕاوە، زۆرێک لە پێشەنگانی ڕۆژنامەگەریی کوردستانیش لەو پێناوەدا گیانیان بەخت کردووە".

د. جووتیار عادل ده‌شڵێت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها 23هه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە تەواوی ئەندامانی و رۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆز دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت".





باسنيوز
Top