له مەریوان دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون
ماڵپەڕی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران بە پشتبەستن بە ڕاگەیەندراوێکی بنکەی (حەمزەی سەیدولشوهەدا)ی سوپای پاسداران بڵاوی کردووتەوە: "کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە٢٢ی٤ی٢٠٢١ لەدەوروبەری مەریوان بەهۆی شەڕ و پێکدادانی هێزە خۆجییەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی دژە شۆڕش، دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە وردەکاریی ئەو ڕووداوە نەکردووە و ناوی هیچ لایەن و حزبێکی کوردیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی نەهێناوە.
لەمبارەوە ماڵپەڕی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە کە ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو و لە گوندی (چنارە)ی سەر بە مەریوان بووە و ناوی چەکدارە کوژراوەکانی سوپای پاسداران بریتییە لە "حاجی عوسمان جیهانی و ناسر ئەمینی".
بەپێی هەمان سەرچاوە ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزی سوپای پاسداران بە کۆپتەرەوە بە ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە.
هەتا ئێستا هیچ لایەن و پارتێکی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
باسنيوز
