لە ههرێمی كوردستان 200 هەزار هەلی كار لە هەزار پڕۆژە دەڕەخسێندرێ
ئهمڕۆ یەكشەممە 18/4/2021، د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بەپێی پلانێكی دەستەی وەبەرهێنان، كە لە ساڵی 2020وە دەستی پێكردووە و هەزار پڕۆژەی وەبەرهێنان لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری و سەرچاوەكانی ئاو و دارایی و بانكی و كارەبا و گواستنەوە و گەیاندن و پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و نیشتەجێبوون و بازرگانی و رۆشنبیری و لاوان و وەرزش و پڕۆژەكانی ژێرخان لەخۆ دەگرێت، 461 پڕۆژە بۆ كەرتی پیشەسازییە و 227 كەرتی گەشتوگوزار و 113 كەرتی كشتوكاڵە و لەگەڵ 10 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون".
ئاماژهی بهوهش كرد: " لە كەرتی پیشەسازیی خۆراكی 158 پڕۆژە لە سەرجەم پارێزگاكانی كوردستان ئامادە كراون و چەندان كارگەی دیكەی پترۆكیمیایی و پزیشكی و بیناسازی و كەرەستە فلزییەكان و كەلوپەلی كارەبایی و كاغەز و ریسایكلینی لەخۆ گرتووە. لەم پلانەدا هەولێر 280 پڕۆژە و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان 273 پڕۆژە و دهۆك 238 پڕۆژەیان هەیە".
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاشكراشی كرد، بەشێك لەو پلانە چووهتە باری جێبەجێكردنهوه و ژمارهیهكی زۆری هەلی كار دەڕەخسێندرێ، "پێشبینی دەكەین تا 200 هەزار هەلی كار لەو پرۆژانە بۆ دەستی كاری ناوخۆ دابین بكەین، بە پشتبەستن بەو مەرجەی لە مۆڵەتدانی هەر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان دانراوە، كە لە 75%ی دەستی كاری ناوخۆ دەبێت بەكاربهێنێت، یان بیخاتە سەر كار".
باسنیوز
