نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات هەوڵەکانیان لە دژی هێرشەکان یەک بخەن

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات هەوڵەکانیان لە دژی هێرشەکان یەک بخەن
نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، یەک بخەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-4-2021، جێین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری کردووە.

جێنین هێنیس پلاسخارت هێرشەکە بە نموونەی ”ھەوڵێكی دیكەی مەترسیدار بۆ دروستكردنی گرژی و ھەڕەشەكردن لە سەقامگیری“، ناوبردووە.

نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکە، داوای لە حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە ”ھەوڵەكانیان بەشێوەیەكی خێرا بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ھێرشانە، یەک بخەن".

شەوی چوارشەممە 14-4-2021، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (TNT)رێژکراو، هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژی بەوەش کردبوو، کە جگە لە زیانگەیشتن بە باڵەخانەیەک، هێرشە تیرۆریستییەکە هیچ زیانێکی دیکەی لێنەکەوتووەتەوە.




باسنيوز
Top