مەسرور بارزانی: داعش لە سووریاوە پیلانی بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانی داڕشت
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی رایگەیاندووە: داعش بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت بەهۆی توانای پەڕینەوەی چەکدارەکانی لە سنوورەکان و دزەکردنیان بۆ ناو خاکی عێراق.
مەسرور بارزانی تیشکی خستووەتە سەر دانپێدانانی گرووپە تیرۆرسیتییەکەی داعش، کە بەر لەچەند رۆژێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دانپێدانانەکەیان بڵاو کرایەوە و رایگەیاندووە: شانە تیرۆریستییەکەی داعش لە کەمپی هۆل لە سووریاوە، پیلانی بۆ بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان ئامادەکردبوو.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پێویستیی هەرێمی کوردستان و عێراق بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووەتەوە و رایگەیاندووە: بۆ دڵنیابوون لە شکستپێهێنانی یەکجاریی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، هێشتا عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە.
مەسرور بارزانی داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش کردووە مەترسی و هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و دەرەوە، بەجددی وەربگرن.
باسنيوز
