سلێمانی.. بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی رێگە بە لێدانی بیری ئاو دەدرێ

سلێمانی.. بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی رێگە بە لێدانی بیری ئاو دەدرێ
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی بڕیاری رێگادان بە هەڵكەندنی بیری ئاو بۆ كێڵگە پەلەوەری و ئاژەڵی و كشتوكاڵییەكان، دا.

كەریم عەلی ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە 13-4-2021، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەی ژمارە 61ـی بۆ بڕیاردان لە شێوازی هەڵكەندنی بیری ئاو بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان و ئاژەڵداری و كشتوكاڵ، ئەنجام دا.

کەریم عەلی ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجوومەنەکە کرد و رایگەیاند: ئەنجوومەن بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (بڕگەی 8 لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009)، بڕیاری دا رێگا بە هەڵکەندنی بیری ئاو بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە 1ی ساڵی 2015ی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان، بدات.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هۆکاری دەرکردنی بڕیاری رێگادان بە هەڵکەندنی بیری ئاوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و رێگرتن لە هەڵکەندنی بیر بەڕێگای نایاسایی، گەڕاندەوە.

زانایان و جووتیاران باس لەوە دەکەن، کە ئەمساڵ رێژەی بارانبارین بەپێی پێویستیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نەبوو.












باسنیوز

Top