گوليزار سندى: لە داهاتوودا لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی ڕێککەوتن دەچێتە بەغدا

گوليزار سندى: لە داهاتوودا لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی ڕێککەوتن دەچێتە بەغدا


ئەمڕۆ لیژنە سامانە سرووشتییەکان و وزە و پیشەسازی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کۆبوونەوە و جێگری سەرۆکی لیژنەکەش وردەکاریی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.


گولیزار ڕەشید سندی، جێگرى سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان و وزه‌ و پيشه‌سازى لە پەرلەمانی کوردستان بۆ(باسنیوز)گوتی: "لیژنەکەمان ئەمڕۆ لەگەل شاندی دانوساندنکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کۆبووینەوە و لەمیانەدا چەند تەوەرێک باسیان لێوەکرا لەوانە:- ئەم یاسای بودجەیە چارەسەری تەواوەتی گرفتی ھەولێر و بەغدا ناکات لە بواری نەوتدا، ئەوەی گرنگ بوو ئەمە وەک دەستپێشخەرییە کە دوای ھەڵبژاردنی عێراق ئەم گرفتە لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای نەوت و گاز چارەسەر بکرێت".

گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەوە کرا کە حکوومەتی عێراق جۆرێک باوەڕی داوەتە گرێبەستەکانی نەوتی کوردستان فرۆشتنی نەوتی کوردستان بەوپێیەی داوای ئەقیامی نەوتی کوردستانی کردووە ئەمە جۆرێکە لە دانپێدانانی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و ئەمەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دوای ھەڵبژاردن قسەی لەسەر بکرێت و ئەوەی گرنگە بەپێی ئەو رێککەوتنەی بەغدا ئەو دوودڵیە تاڕادەیەک لای ئەو کۆمپانیایانە نەمێنێت کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن و بەھاکەشی تارادەیەک بەرز ببێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "لەمیانەدا باسی ئەوە کرا کە ئەو بودجەیەی عێراق بۆ دوو ساڵە بۆیە پێداگری زۆر کراوە لەلایەن شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن تا ئاستی کەمترین داواکاری و ئەوەی گرنگە شایستە دارایی پێشمەرگە و فەرمانبەران لەناو بودجە جێگیر کراوە".

ڕوونیشیکردەوە: "بە ئاشکرا شاندی حکوومەت گوتیان ئەوەندەی ئەم رێکەوتنە سیاسی بووە ئەوەندە حسابی نەبووە، ئەمە دەستپێکی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا و گفتوگۆ بەردەوام دەبێت".

ئاماژەی بە ئەوەش دا کە لەو کۆبوونەوەی نێوان لیژنە سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستاندنکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی ئەوە کراوە کە دەبێت لیژنەی تایبەتمەند بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی رێککەوتن بچێتە بەغدا و بڕیارە ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ھەبێت".

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە کە بۆ هەرێمی کوردستان باشتر بوو رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات بەڵام تێکڕای شیعە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە کە داھاتی نەوت بەپێی نرخی سۆمۆ رادەست بکرێت "دەرئەنجام هەرێمی کوردستان نەیویست ھیچ بیانوویێک بدرێتە دەست بەغدا و ئەوەشی قبوڵ کرد".

گوتیشی: "جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا سەرکەوتنی رێککەوتنەکەی بۆ یەکڕیزیی ناوماڵى کوردستانی گەڕاندەوە و یەکھەڵوێستیی سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان ھۆکاری گرنگ بوو بۆ تێپەراندنی بودجە".
Top