بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: گەورەترین قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەرمان شکستپێهێنا

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: گەورەترین قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەرمان شکستپێهێنا
فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر شکستپێهێنان بە گەورەترین پرۆسەی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر راگەیاند کە لە تۆڕێکی گەورەی بازرگانان پێکهاتبوو.

عەلی حەسەن، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا راگەیێندراوێکی فەرماندەییەکەی خوێندەوە و تێیدا وردەکارییەکانی خستەڕوو.

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند "هێزەکانمان خاڵێکی سەرەکییان دۆزیوەتەوە، کە لێوەی ماددەی هۆشبەر دەهێنرایە ناوچەکانمان، ئەوەش لەڕێگەی خاڵەکانی بەیەکگەیشتن لەگەڵ سوپای نیشتمانیی گرێدار بە تورکیای داگیرکارەوە".

بە گوتەی عەلی حەسەن "هێزەکانی نەهێشتنی تاوان بە پشتیوانیی هێزی تایبەت، گەورەترین پرۆسەی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەری لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 9ی نیسانی 2021 شکستپێهێنا" دەشڵێت "ئەوەی باسی دەکەم تۆڕێکی گەورەیە لە بازرگانان، کە 5یان لە ناوچەکانی ئێمەدا کاریان کردووە و لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراون و ئەم ماددانەش دەستیان بەسەرداگیراوە: 196 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەر لە جۆری کەبتاگۆل، 474 دەستە حەشیش لە جۆرە جیاوازەکان، 11 هەزار و 250 دۆلاری ئەمریکیی ساختە، 26 دەمانچە بە گولـلەوە، دوو نیشانەشکێن، چەندین کۆمپیوتەر و مۆبایل".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ دووپاتیدەکەنەوە کە "وەفادار دەبین بەرامبەر هەموو پابەندبوون و ئەرکەکانمان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی تاک و کۆمەڵگە لە هەموو جۆرە تاوانێک".

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوەی خستەڕوو کە لە هەڵمەتەکەیان بەردەوام دەبن، "هەڵمەتی ژیان بەرپرسیارێتییە"، تاوەکو ئامانجی هەڵمەتەکە بەدیدێت و "بە دەستی پۆڵایین لە هەموو ئەوانە دەدەین کە دەست بۆ ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵگە دەبەن بە هەموو رێگە و میکانیزمەکانەوە، بۆیە جەنگمان دژی ماددەی هۆشبەر گرنگییەکەی کەمتر نییە لە جەنگی دژی تیرۆر، کە ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە چەکەکانی".
rudaw -
Top