لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 6 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا مردن

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 6 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا مردن
لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، شەش تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و 201 تووشبووی دیکەش تۆمارکران.

جوان مستەفا، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی تەندروستیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەش کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە. دوو ژن و پیاوێک لەو تووشبووانەی گیانیان لەدەستداوە دانیشتووی حەسەکە بوون، ژن و پیاوێکیان دانیشتووی قامشلۆ و ئەوی دیکەشیان کە پیاوێک بوو، دانیشتووی عامودا بوو.

جوان مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، 201 تووشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە تۆمارکراون، کە 118یان پیاو و 83ەکەی دیکەشیان ژنن، کە بەم شێوەیە دابەشبوون:

قامشلۆ 54 کەس
حەسەکە 56 کەس
دێرک 50 کەس
دەربێسیێ 8 کەس
رەققە 33 کەس

سەرۆکی دەستەی هاوبەشی تەندروستیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە کرد، هەر لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 13 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.

تاوەکو ئێستا 12 هەزار و 437 تووشبووی کۆرۆنا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 428 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top