“هەندێ کەس لەپەنای حزبەکەیانەوە دەیانەوێ حەقیقەتی مێژوویی داستانی کۆڕی بشێوێنن”

“هەندێ کەس لەپەنای حزبەکەیانەوە دەیانەوێ حەقیقەتی مێژوویی داستانی کۆڕی بشێوێنن”
لە رۆژی ٧و ١١-٤-١٩٩١ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی کۆڕێدا، کە دواتر بە داستانی کۆڕێ ناسرا، توانی دوو هێرشی فراوانی رژێمی بەعسی ئەوکات تێکبشکێنێت، کە وەکو فەرماندە و پێشمەرگەکانی ئەو شەڕە ئاماژەی پێ دەدەن، ئەو سەرکەوتنە هاوشێوەی داستانەکانی ئەمڕۆی سحێلا و پردێ، کاریگەریی گەورەی هەبووە و هاوکێشەی ئەوکاتی سیاسی لەگەڵ رژێمی بەعس، بۆ بەرژەوەندیی گەلی کوردستان گۆڕیوە، بەشێوەیەک، ئەو رژێمە دکتاتۆرە پڕ چەکەی سەدامی ناچار کردووە داوای دانوستان بکات.



هەر کەس لە کۆڕێوە بەرەو شەقڵاوە رۆیشتبێت، چاوی بەو چەند تانک و دەبابەیە کەوتووە، کە بە دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە شەڕی داستانی کۆڕێدا تێکشکێنراون.



پێشتر کەس پرسیاری ئەوەی نەدەکرد، ئەو داستانە لەلایەن پێشمەرگەی چ حزب و هێزێکی سیاسییەوە ئەنجام دراوە، بەڵکوو خەڵکی کوردستان، وەکوو شانازییەک، کە بەو شەقامەدا دەڕۆیشتن، لایاندەدا و دەچوون وێنەیان لەگەڵ تانک و دەبابەکاندا دەگرت، کە بە دەست و بازووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تێکشکێنراون.



بەڵام ئێستا، هەندێ سەرکردە و کەسی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەیانەوێ لەپەنای میدیای سێبەر و فەرمیی حزبەکەیانەوە، رای گشتی لەسەر ئەو داستانە چەواشە بکەن و سەروەرییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تەنیا بۆ خۆیان بببەن، بەڵام کورد گوتەنی، بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت و حەقیقەتی مێژوو دەرکەوتووە و تەنیا بە قسەی بریقەدار، سەرەوژوور نابێتەوە.



حەمیدە فەندی، فەرماندەی ئەوکاتی پێشمەرگە رای گەیاند، ئەو داستانەی، کە مێژوو شایەدیی بۆ دەدات و یەکێک بووە لەو قۆناغانەی، کە دۆخی کوردستانی گۆڕیوە، خەڵکانێک ناتوانن بۆ خۆیانی بدزن، گوتی: ”راستییەکەی ئەوەیە، تەنیا لە شەڕی دووەمدا هەندێ پیشمەرگەی یەکێتی لەوێ بوون، بەڵام ژمارەیەکی کەم بوون، هەموو لایەنەکان شایەدن لەوەی، کە لە شەڕی یەکەم و دووەمدا، کێ خاوەنی راستەقینەی داستانی کۆڕێیە”.



لای خۆشیانەوە، فەرماندە مامک شێخۆ، بەشداربووی داستانی کۆڕێ رای گەیاند، ئەوان بەرەبەیانی ڕۆژی ١١ی نیسان، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، لە سپیلکەوە بۆ پێشگرتن لە هاتنەپێشەوەی هێزەکانی بەعس و ھاوکاریی ھێزەکانی دیکەی پێشمەرگە، بەرەو کۆڕێ رۆیشتوون، گوتیشی: “کە گەیشتینە کۆڕێ، کەوتینە ناو شەڕەکە و لەو شەڕەیاندا، کە دووەم شەڕ بوو، ژمارەیەک ھێزی بەرەی کوردستانی لێ بوو، بەڵام زۆرترینیان هێزی پێشمەرگەی پارتی بوو لە کۆڕێ، بە سەرپەرشتیی (سەعید ئەحمەد نادر)، کە ئەوکات فەرماندەی هێزی بارزان بوو".



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕۆژی ١١ی نیسان، شەڕێکی سەخت بەڕێوە چوو، دیسان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیی بەرگری بکات و زیانی گەورەش بەر ھێزەکانی دوژمن کەوت، بە جۆرێک، کە ھێزەکانی دوژمن ھیچ ورەیان نەمابوو، ئیدی ئەو ڕۆژە بووە دوا ڕۆژی شەڕی ئێمە و ڕژێم".



مامک شێخۆ گوتیشی: "بۆ ڕۆژی ١٢ی نیسان، ئێمە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بووین، لە سەنگەرەکانی پێشەوە بینیمان ئۆتۆمبێڵێکی جێب لە پیرمام بەرەو کۆڕێ ھات و ئاڵایەکی سپی پێوە بوو، ژمارەیەک پێشمەرگە تەقەیان لەو جێبەکە کرد، بەڵام دواتر بینیمان ئاڵای سپی پێوەیە و بڕیار درا تەقە نەکرێت، تا بزانین چی دەوێت، جێبەکە گەیشتە نێو کۆڕێ و ئامر لیوایەکی سوپای عێراقیی تێدا بوو، پەیامێکی ڕژێمی پێ بوو، کە تێیدا داوای دانوستانی دەکرد”.



جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە داستانی کۆڕێ بووە ھۆکاری دەستپێکردنی دانوستان لەنێوان بەرەی کوردستانی و حکوومەتی بەعس، چونکە دوای داستانی کۆڕێ، ئیدی ڕژێم گەیشتە ئەو باوەڕەی، کە ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە شاخاوییەکان بەرگری دەکات و ناتوانن زیاتر پێشڕەویی بکەن.



گوتیشی: "شکاندنی تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی ڕژێم و شەھید و برینداربوونی پێشمەرگەکانی پارتی، گەواھیی ئەو ڕاستییەن، کە پێشمەرگەی پارتی لە ریزی پێشەوەی ئەو داستانەدا بوون، ھەرچەندە لای ئێمە ئەوە گرنگ بوو، کە کورد سەر کەوت و ڕژێم ناچار بوو تەنازول بۆ کوردستان و شۆڕش بکات".

























باسنیوز

Top