چاودێرێکی سیاسی: کاری حزب نییە زەوی دابەش بکات

چاودێرێکی سیاسی: کاری حزب نییە زەوی دابەش بکات
چاودێرێکی سیاسی ڕای دەگەیەنێت، کاری حزب نییە زەوی بەسەر هیچ توێژێکدا دابەش بکات، هەر بڕیارێکیش لە کابینەکانی پێشوو درابن پێوستە لە رووی ئیدارییەوە لەو کابینە نوێیەی حکوومەتدا نوێکردنەوەیان بۆ بکرێت، ئاماژە بەوەش دەدات، بەهۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لەمەودوا موزایەدەی سیاسی زۆر دەبێت، هیوادارم نەگاتەوە ئەو ئاستە کەمەی دەمانچەش دابەش بکرێت.

د. مەدحەت سڵێمان، چاودێری سیاسی ، ڕایگەیاند، کاری حزب نییە زەوی بەسەر هیچ توێژێکدا دابەش بکات، پێویستە ئەو کارانە لە رووی ئیدارییەوە حکوومەت جێبەجێیان بکات، بابەتی دابەشکردنی زەوی پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە، گوتیشی: ”ئەگەر پێشتر نووسراوێک لە کابینەکانی دیکە کرابێت و رێوشوێنە یاساییەکانی تەواو کرابێت پێویستە لەو کابینە نوێیەدا نوێکردنەوەی بۆ بکرێت، ئەو نوێکردنەوەیەش بۆ بابەتی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی دەکرێت و سەنەدەکانی دەردەچێت، ئەنجام نەدانی ئەو کارە هەڵەیەکی ئیدارییە، باشترە چاکبکرێتەوە“.

ئەو چاودێرە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە بەهۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لەمەودوا موزایەدەی سیاسی زۆر دەبێت، گوتی: ”ئەوەی کراوە بەناوی کەسوکاری شەهیدانەوە تەنیا موزایەدەی سیاسییە و کاری حزب نییە زەوی دابەش بکات، هیوادارم موزایەدە هێندە ئاستی کەمنەبێتەوە بگاتەوە بە دابەشکردنی دەمانچەش، زۆر ئاستێکی لاوازیشە حزب دەستبخاتە ناو ئەو کاروبارانە و بەرپرسێک خۆی بکات بە خاوەنی دابەشکردنی زەوی و وێنەی لەگەڵ بگرێ، لەکاتێکدا ئەو زەویانە موڵکی گشتیی و هی حکوومەتە نەوەکو حزب“.












باسنيوز



Top