ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئامادەکاریی سەربازی بۆ لوتکەی عێراق و ئوردن و میسر دەکات

ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئامادەکاریی سەربازی بۆ لوتکەی عێراق و ئوردن و میسر دەکات
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئامادەکاریی سەربازی و ئەمنی بۆ لوتکەی عێراق، ئوردن و میسر دەکات.

بڕیار بوو لە کۆتایی مانگی رابردوو (مانگی 3ـی 2021)، لە بەغدا کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عێراق، ئوردن و میسر لەنێوان مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسیی سەرکۆماری میسر بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی رووداوێکی شەمەندەفەر لە میسر، کۆبوونەوەکە دواخرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 6-4-2021، لیوا روکن ئەحمەد سەلیم، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی بە فەرماندە باڵاکانی سوپای عێراق، پۆلیس، پۆلیسی فریاکەوتن، پۆلیسی هاتوچۆ، کرد.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی کۆبوونەوەکە، بە بەشداریی هەموو یەکە سەربازی و ئەمنییەکان، کراوە.

رۆژی 4-4-2021 (دوێنێ)، ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی لە زاری سەرچاوەیەکی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە، کە عێراق داوای لە میسر و ئوردن کردووە رۆژی پێنجشەممە 8-4-2021 کۆبوونەوەی لوتکەی هەر سێ وڵات لە بەغدا، بەڕێوە بچێت.













باسنيوز

Top