پارێزگاری هەولێر: پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ڕێگاوبان نەوەستاوە و كاركردن تیایاندا بەردەوامه
بەپێی راگەیاندراوێکی پارێزگای هەولێر کە تێیدا ئاماژە بەوەدراوە، کە ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی٤ی٢٠٢١، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕێگاوبانی هەولێر رایگەیاند: "ئەگەرچی بە پاڵپشتی ڕێزدار جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەچوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم، سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئەو دۆخە سەختەی ڕووبەڕوومان بووەتەوە، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ڕێگاوبان نەوەستاوە و كاركردن تیایاندا بەردەوامه".
هەروەها پارێزگاری هەولێر راشیگەیاندووە: "توانراوە بە هەوڵی هەموو لایەک بەردەوام بین لە پێشکەشکردن پڕۆژەی خزمەتگوزارییەکان و ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی و گرنگ لەشاری هەولێر، کە یەکێک لەو پڕۆژانەش جێبەجێکردنی نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان بووە، بەڵام هێشتا پێویستمان بەوەهەیە زۆرترین خزمهت بهرێگاكان بکرێت و بەردەوام بین لە كاری نۆژهنكردنهوه و قیرتاوکردن و دروستکردنی رێگای نوێ".
باسنیوز
