سەكۆیەكی كۆمەڵایەتیی نوێ بڵاو دەبێتەوە كە تەنها پشت بە نامەی دەنگی دەبەستێت
ئەم سەكۆ نوێیە دەنگییە كە ناوی كڵەب هاوس"club house "ە، بە تەواوی جیاوازە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تر و ئێستا زیاتر وەك سەكۆیەكی كۆمەڵایەتی بۆ دەستەبژێری كۆمەڵگەكان دەناسرێت.
لەبارەی ئەم تۆڕە یان سەكۆ نوێیەوە، بەشی عەرەبی (بی بی سی) راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی ئەم سەكۆیە زیاتر لە پەخشێكی دەنگیی ڕاستەوخۆ دەچێت، بەشداربووان دەتوانن گوێی لێ بگرن، بەشداری تێدا بكەن و وتەكانیان لە شێوەی پەیامی دەنگی تێدا بڵاو بكەنەوە.
سەكۆی كڵەب هاوس زیاتر پشت بە كردنەوەی ژووری وتوێژ دەبەستێت، كە بەكارهێنەران لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا بە زمانەكانی خۆیان بەشداری تێدا دەكەن، ئێستا هەفتانە دوو ملیۆن بەكارهێنەری نوێ لە جیهاندا بەشداری لەم سەكۆ نوێیەدا دەكەن.
هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە گەورە سەرمایەداری جیهان چوونەتە ناو ئەم سەكۆیەوە و ئێستا لە ڕێگەی كڵەب هاوسەوە وتوێژی دەنگی لە نێوان خۆیاندا ئەنجام دەدەن.
ئەوەی جێی سەرنجە لەم سەكۆیەدا، كە لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە بەهاری ساڵی رابردووەوە دەستی بە پەخش كردووە، بەكارهێنەرانی مەودایەكی ئازادیی رادەربڕینی فرەوانیان هەیە، بە شێوەیەك هەر بەشداربوویەك پەیامێك بڵاو بكاتەوە، هەر كاتێك لە سەكۆیەكە بچێتە دەرەوە، پەیامەكەی دەسڕێتەوە و تۆمار ناكرێت.
هەروەها بەشداربووان بەر لەوەی بەشداری هەر وتوێژێك بكەن، پێویستە ناویان تۆمار كردبێت، بۆ ئەوەی بە سەرە پەیامەكانیان بخەنەڕوو و گوێ لە یەكتری بگرن.
جێی باسە تا ئێستا سەكۆی كڵەب هاوس لە مۆبایلەكانی سیستەمی ئەندرۆیدا كار ناكات، بەڵكو تەنها لە سیستەمی ئایۆسدا هەیە كە هی مۆبایلی ئایفۆنە، جگە لەوەش تەنها لە ڕێگەی داوەتنامەوە بەكارهێنەری نوێ دەتوانن بەشداری تێدا بكەن، پێویستیشە لە ڕێگەی ژمارەی مۆبایلەوە بەشداری تێدا بكرێت.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم تۆڕە نوێیە لە ناو گەنجانی عێراق، بەتایبەت چالاكواناندا، ئەمڕۆ یەكشەممە كەناڵی (ئەلحورە)ی ئەمریكی راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە ماوەیەكە كەسانی نەناسراو لە ڕێگەی (كڵەب هاوس)ەوە هەڕەشە لە چالاكوانان دەكەن، بە تایبەت كە چالاكوانان لە ڕێگەی ئەم سەكۆ نوێیەوە بیروڕاكانیان لە ژووری تایبەتدا دەگۆڕنەوە.
(ئەلحوڕە) ئاماژەی بەوە داوە ماوەیەكە كڵەب هاوس لە ناو گەنجانی چالاكوان و سیاسییەكانی عێراقدا برەوی سەندووە و ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆرتری ئەو دوو توێژە ڕووی تێدەكەن.
چالاكوانێكی سیاسیی عێراق بە ناوی موئەیەد عوبەیدی لەبارەی ئەم سەكۆ نوێیە و دواهەمین بابەتی گەرموگوڕی سەكۆیەكە قسەی بۆ (ئەلحورە) كردووە و دەڵێ "هەفتەی رابردوو بابەتێكی ڕەخنەئامێز لەسەر مەرجەعە ئایینییەكانی عێراق ورووژێندرا، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك وتوێژەكان خرانەڕوو، باس لە ڕۆڵی مەرجەعی شیعی كرا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، لە هەمان ڕۆژدا لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە هەڕەشەم بۆ نێردرا و داوام لێ كرا چیتر ئەم ژوورانە بەڕێوەنەبەم، كە وتوێژی سیاسییان تێدا ئەنجام دەدەین".
عوبەیدی ئەوەشی گوتووە كە لەبری وازهێنان، لە ڕۆژی دواتردا ژوورێكی تری كردووەتەوە، كەچی هەمان ڕۆژ نامەیەكی لە ناو زەرفێكدا بۆ هاتووە و لەسەر ئۆتۆمبێلەكەیان بەجێ هێشتووە، فیشەكێكی لەناو داناوە و نووسیویانە ئاگاداری خۆت بە.
ئەلحورە نووسیویەتی ژمارەیەك گەنجی تری چالاكوانی عێراق لە شاری ناسریە بە هەمان شێوە هەڕەشەیان لێ كراوە، لەسەر ئەوەی لە كڵەب هاوسدا چالاك بوون و بەشداریی وتوێژە دەنگییەكانیان كردووە.
rudaw -
