زیادبوونی داھاتی عێراق لە نەوت ئومێدی دەربارزبوون لە تەنگژەی دارای دەدات
داتاكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە بەدیاریانخستووە، داھاتی عێراق لە مانگی رابردوو 5.7 ملیار دۆلار بووە، بەرامبەر بە 5 ملیار دۆلار لە مانگی شوبات.
وەزارەت لە راگەیاندراوێكیدا ئاماژەیكرد، كەوا ھەوڵێكی زۆر دەدات بۆ زیادكردنی رێژەی ھەناردەكردن لە چوارچێوەی ستراتیجیەتیدا بۆ دەربازبوون لەو تەنگژە داراییەی ھەیە.
لەوەتەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیھان لە ساڵی 2014وە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، عێراق بە تەنگژەیەكی دارایی تونددا تێپەڕ دەبێت و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرەتای ساڵی رابردوو تەنگژەكە سەختتر بووە، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە نێو دامودەزگاكانی دەوڵەتدا.
وەزارەتی نەوت ئاشكرایكرد، رێژەی ھەناردەی نەوتی خام لە میانی مانگی ئاداردا گەیشتە 91.3 ملیۆن بەرمیل، لەوەش 88.2%ی لە كێڵگە نەوتییەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەرھەمھاتووە، ئاماژەشیكرد، تێكڕای ھەناردەی رۆژانە گەیشتووەتە، 2.94 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە و تێكڕای نرخی ھەر بەرمیلێكیش گەیشتە 63.3 دۆلار.
عێراقییەكان بەدەست خراپی رەوشی ئابووری و كەمی خزمەتگوزارییەكان دەناڵێنن، ئەمە جگە لە نەبوونی دەرفەتی كار، كە بووەتە ھۆی زیادبوونی رێژەوی بێكاری بەتایبەتی لە نێو تویژی گەنجان.
بەپێی راپۆرتێكی نوێی وەزارەتی پلاندانان، رێژەی ھەژاری لە عێراق لە كۆتایی ساڵی رابردوو 2020 گەیشتە 31.7%، كەچی لە ساڵی 2018 نزیكەی 20% بوو و ژمارەی ھەژاران گەیشتە 11.4 ملیۆن كەس.
k24 -
