مامۆستایه‌کی زانکۆ: ئەگەر بەغدا ڕێككەوتن ڕەت بكاتەوە هەرێمی كوردستان دەتوانێ پشت بە خۆی ببەستێ

مامۆستایه‌کی زانکۆ: ئەگەر بەغدا ڕێككەوتن ڕەت بكاتەوە هەرێمی كوردستان دەتوانێ پشت بە خۆی ببەستێ
مامۆستایەكی زانكۆی سەڵاحەدین رای دەگەیەنێت كە ئەگەر بەغدا ئامادەش نەبێت لە داهاتوودا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە تەواوی ڕێك بكەوێت و بەشە مووچە و بودجەی كوردستان بنێرێت، ئەوا هەرێمی كوردستان دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت.

ئیدریس ره‌مه‌زان مامۆستای كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، ئه‌گه‌ر حكوومەتی عێراق لەوە زیاتر سەقفی داواكارییەكانی بەرز كردەوە، بە ڕادەیەك كە هەرێمی كوردستان نەیتوانی بچێتە ژێر ئەو داواكارییانە، ئەوا ”دەبێ ئیرادەیەك هەبێت بۆ ئەوەی پشت بە خۆمان ببەستین و دەشتوانین پشت بە خۆمان ببەستین“.

روونیشی كردەوە: ”پێویستە پرۆسەی چاكسازی خێراتر بكرێت، داهاتی ناوخۆ ڕێك بخرێتەوە و سەرجەم داهاتەكان بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، تەواوی ئەو داهاتانەی لە خاڵە گومرگی و سنوورەكانەوە دێن، بۆ حكوومەت بگەڕێندرێنەوە و چاكسازی لە سەرجەم سێكتەرەكاندا بكرێت، جگە لەوەی كار بە سیستەمی بایۆمه‌تری بكرێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی كوردستان“.

بە بڕوای مامۆستاكەی زانكۆ، ئەم هەنگاوانە ئیرادەیان پێویستە و دەبێت هەموو لایەنەكانیش پشتیوانی هەنگاوەكان بكەن و چاكسازی قەبووڵ بكەن، ”حكوومەتیش دەبێت بە دەستێكی پۆڵایین ڕووبەڕووی هەر ئاستەنگێك ببێتەوە كە دێتە بەردەم چاكسازییەكانی تاوەكوو هەم دۆخی ژیانی خەڵكی كوردستان لە نەهامەتی بپارێزێت، هەمیش سازش لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان نەكات“.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەرچەندە هەردوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق ڕێككەوتوون، بەڵام ترس هەیە بە هۆكاری سیاسی، حكوومەتی عێراق پابەندی ڕێككەوتنەكانی نەبێت و بابەتی مووچە وەك دەرفەتێك بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان و كەمكردنەوەی دەستكەوتەكانی هەرێمەكە بەكار بهێنێت.












باسنیوز



Top