بە گوژمەی ١٠٠ ملیار دینار؛ سێ وێستگەی ستراتیژیی کارەبا لە هەولێر دروست دەکرێن

بە گوژمەی ١٠٠ ملیار دینار؛ سێ وێستگەی ستراتیژیی کارەبا لە هەولێر دروست دەکرێن


گوڵان: تایبەت
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا و کەمکردنەوەی لۆد، پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست پێ دەکات. ئەندازیار فارس میرخان بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی کارەبا، لە لێدوانێکی تایبەتدا وردەکاریی دروستکردنی سێ وێستگەی نوێی کارەبای ئاشکرا کرد.
پڕۆژەیەکی ١٠٠ ملیار دیناری
بەپێی گوتەکانی ئەندازیار فارس میرخان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ١٠٠ ملیار دیناری بۆ دروستکردنی سێ وێستگەی گۆڕینی ڤۆڵتیە (١٣٢ کەی ڤی) تەرخان کردووە. بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار ئیمزا كردوو پڕۆژەکان لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو دەكرێن. ئەم وێستگانە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ کێشەی بارقورسی و لۆدی کارەبا لەو ناوچانە چارەسەر دەکەن.
دابەشبوونی وێستگەکان بەپێی پێویستی ناوچەکان
ئەم سێ وێستگەیە لە سێ ناوچەی گرنگ و جیاوازی هەولێر دروست دەکرێن کە بریتین لە:
١. ناوچەی تیمار: بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کارگەی پیشەسازی لەم سنوورە، لۆدێکی زۆر لەسەر تۆڕەکان هەبوو. ئەم وێستگەیە کێشەی قورسیی لۆدی ناوچە پیشەسازییەکە بە تەواوی چارەسەر دەکات.
٢. کەرتی ٨ی حەسارۆک: ئەم ناوچەیە کە ١٦ هەزار پارچە زەوی لەخۆدەگرێت، پێویستییەکی زۆری بە ژێرخانێکی بەهێزی کارەبا هەبوو. وێستگەیەکی سەردەمیانە و هاوچەرخ لێرە دروست دەکرێت کە توانای گواستنەوەی ١٨٩ مێگاوات کارەبای هەیە و کێشەی کارەبای هەموو ئەو زەوییانە چارەسەر دەکات. (بەڕێوەبەری گشتی جەختی کردەوە کە ئەمە وێستگەی گواستنەوەیە نەک بەرهەمهێنان).
٣. ناوچەی شەمامک: وەک ناوچەیەکی کشتوکاڵیی گرنگ، شەمامک پێویستی بە بڕێکی زۆری کارەبا هەیە. دروستکردنی وێستگەیەکی ١٣٢ کەی ڤی لەم سنوورە، پاڵپشتییەکی گەورە دەبێت بۆ کەرتی کشتوکاڵ و دانیشتووانی ناوچەکە.
پڕۆژەی "ڕووناکی" و پلانی داهاتوو
ئەندازیار فارس میرخان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە تەواکەری پڕۆژەی "ڕووناکی"یە کە ئامانج لێی گەیاندنی کارەبای بەردەوامە بۆ هەموو کوردستان. وتیشی: "لەگەڵ فراوانبوونی پڕۆژەی ڕووناکی لە شار و شارۆچکە و گوندەکان، پێویستیمان بەم جۆرە وێستگانەی گۆڕین و گواستنەوە دەبێت. بۆیە پلانمان داناوە لە هەر شوێنێک پێویست بێت، وێستگەی هاوشێوە دروست بکەین."
ئەم پڕۆژانە نیشانەی بایەخدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بە پەرەپێدانی سێکتەری کارەبا، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە گەشەی نیشتەجێبوون، پیشەسازی و کشتوکاڵییان بەخۆیانەوە بینیوە.

بە گوژمەی ١٠٠ ملیار دینار؛ سێ وێستگەی ستراتیژیی کارەبا لە هەولێر دروست دەکرێن
Top