لە دهۆک شوێنەوارێکی دەگمەن دەدۆزرێتەوە

لە دهۆک شوێنەوارێکی دەگمەن دەدۆزرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک دەستکەوتێکی دیکەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگاکە راگەیاند، ئەویش دۆزینەوەی نەخشەبەردێکی دەگمەنی شوێنەوارییە و مێژووەکەی بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە و یەکێکە لە پارچە شوێنەوارییەکانی سەردەمی زەردەشتییەکان.

رۆژی دووشەممە 21-12-2020 د. حەسەن ئەحمەد قاسم، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دۆزینەوەی "نەخشەبەردێکی دەگمەنی شوێنەواری" لە سنووری پارێزگای دهۆک راگەیاند و گوتی: "یەکەمینجارە نەخشەبەردێکی لەمجۆرە دەدۆزێتەوە، تاوەکو ئێستا نەخشە بەردێکی لەم شێوەیە لە جیهاندا نەدۆزراوەتەوە".

بە گوتەی حەسەن ئەحمەد، بەرزیی نەخشەبەردەکە مەترێک و 9 سانتیمەترە، پانییەکەی 54 سانتیمەترە و تیرەکەشی 45 سانتیمەترە، "نەخشەبەردەکە وێنەیەکی لەسەر هەڵکۆڵدراوە، پێدەچێت وێنەی پاشایەک یان کاهینێکی زەردەشتی بێت. پێشتر لە هەمان ئەو ناوچەیە چەندین پارچەی دیکەی شوێنەواری دۆزراوەتەوە کە پاشماوەی زەردەشتییەکان بووە".

بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک دەڵێت: "مێژووی ئەو نەخشە بەردە بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، لێکۆڵینەوەش لەسەر نەخشە بەردەکە بەردەوامە".

حەسەن ئەحمەد ئاماژە بەوە دەدات، دۆزینەوەی ئەو شوێنەوارە لە چوارچێوەی ئەو رووپێوە دێت کە زانکۆیەکی ئەڵمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆک ئەنجامی دەدەن لە باکووری ناحیەی سێمێل لە نزیک گوندی گەرماڤا.




رووداو
Top