زانکۆی راپەڕین: هیچ مامۆستایەکی زانکۆکەمان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی تێوەنەگلاوە

زانکۆی راپەڕین: هیچ مامۆستایەکی زانکۆکەمان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی تێوەنەگلاوە
سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەڕین روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو دەنگۆیانە بڵاوکردووەتەوە گوایە مامۆستای زانکۆکەیان لە پرسی سلێمان هەڵشۆیی تێوەگلابن، جگە لەوەی دەنگۆکانی رەتکردوەتەوە، دەشڵێت "هیچ مامۆستایەکمان نییە بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئابووریدا هەبێت".

لە روونکردنەوەی زانکۆکەدا هاتووە، لەدوای بەدواداچوونی ورد "بۆمان دەركەوتووە هیچ مامۆستایەكی زانكۆمان، تێوەنەگلاوە لەم مامەڵانەی ئەو هاووڵاتییە ئەنجامیداون، ئەگەر كەیسێكی واش هەبێت و ئێمەش ئاگادارنەبین ئەوا (لەسەر ئاستی كەسییە و پەیوەندیی بە زانكۆ وەكو دامەزراوە نییە)".

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "لە دوێنێوە، بە مەبەست، زانكۆی راپەڕین كراوەتە ئامانج و پڕوپاگەندەی ناڕاست دەربارەی ستافی زانكۆكە بڵاودەكرێنەوە، هەندێک مامۆستامان بەناو کراونەتە ئامانجی ناوزڕاندنەکان و پێتان رادەگەیێنین کە ئەمە دوورە لە راستییەوە".

زانکۆکە ئەوەی خستووەتەڕوو "لە ژمارەیەك پەیج و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوەی جێی داخ و تێڕامانە بەشێك لەو پەیجانە پەیجی كەناڵ و دامەزراوەی فەرمین و كەناڵی گەورەی تەلەڤیزیۆنییان لەپشتە، بەبێ بەدواداگەڕان و وردبوون و لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانی، پشتیان بەستوە بەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە و ئەوانیش جارێكی دیکە بڵاویان كردووەتەوە، بە جۆرێك بابەتەكە سەری كێشاوە بۆ تانە و تەشەر و تەشهیر بە دامەزراوەیەكی زانستیی وەكو زانكۆ، ئەوەش دوورە لە بنەما ئیتیكی و ئەخلاقییەكانی كاری رۆژنامەوانی و پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەوانیشە لە هەرێمی كوردستان".

دوو رۆژە سلێمان هەڵشۆیی بەهۆی ئەوەی کە "پارەیەکی زۆری خەڵکی دەڤەری بیتوێن و پشدەر و چەند شارێکی دیکەی هەرێمی کوردستان"ی لەلابووە، کە دەگوترێت نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار دەبێت و ئێستا مایەپووچ بووە، دەستگیرکراوە، خەڵکێکی زۆریش ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای پارەکەیان دەکەنەوە.



رووداو
Top