پەرلەمانتارێک: لایەنە سیاسییەکان لە پشت دابەزاندنی بەهای دینارن
حوسێن عیقابی، پەرلەمانتاری کوتلەی نەهجی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق، بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، کێشەی گەورەی عێراق بریتییە لە دەستەوەستانی حکوومەت لە چارەسەرکردنی کێشە دارایی و ئابوورییەکان.
حوسێن عیقابی هەروەها رایگەیاندووە، هەندێک لایەنی سیاسی، کە لە پەرلەمان پشتگیریی حکوومەتی عێراق دەکەن، لە پشت دابەزاندنی بەهای دینار و بەرزکردنەوەی بەهای دۆلارن.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە نەبوونی بڕیاری ئازایانە و نەگرتنەبەری سیاسەتێکی دارایی و ئابووریی دروست، بوونی بۆشایی ئیداری و سەرکردایەتی لە عێراق، بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار.
حوسێن عیقابی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بڕیاری وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی دابەزاندنی بەهای دینار سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی عێراقیان چەسپاند.
ئێوارەی رۆژی شەممە 19-12-2020، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە بڕیاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، بڕیاریان داوە لە رۆژی یەکشەممە (ئەمڕۆ)وە بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بگەیەننە 147 هەزار دینار.
باسنيوز
