سیاسییەکی ڕۆژئاوای كوردستان: پەکەکە دیارترین ئامرازە بەدەست نەیارانەوە دژی كوردستان

سیاسییەکی ڕۆژئاوای كوردستان: پەکەکە دیارترین ئامرازە بەدەست نەیارانەوە دژی كوردستان
سەعدوون شێخۆ، چالاکوان و ساسیی کوردی ڕۆژئاوای كوردستان جەختی کردەوە، داگیركەرانی کوردستان هەر کاتێک بیانەوێت جووڵە بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) دەکەن، پەکەکەش لە خزمەتی هەژموونی داگیركەران لە ناوچەکە، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەشێوێنێت.

شێخۆ ئاماژەی بەوە كرد: ”شەهیدکردنی پێشمەرگەیەك لەسەر دەستی چەکدارانی پەکەکە، لەلایەن شەقامی کوردی و هێزە سیاسییەکانی کورد و نێودەوڵەتی جێگای سەرکۆنە بوو“. گوتیشی: ”توندوتیژی و تۆقاندن ستراتیژیەتی پەکەکە بووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێز و لایەنە کوردستانییەکان، لە کۆنەوە هەتا ئێستا و هەمیشە گفتوگۆی رەت کردووەتەوە“.

ڕوونیشی كردەوە، رێککەوتننامەکەی شنگال كە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ئیتیحادی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و وەدەرنانی هەموو میلیشیا چەکدارەکان و دانانی ئیدارەیەکی هاوبەش و خزمەتگوزاریی هاوبەش، بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان كراوە و دەست بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی كراوە، وای لە هەندێك وڵاتی هەرێمی كردووە، بە تایبەتیش ئێران، لە رێی دارودەستەکانی لە عێراق و ناوچەکە، هەوڵبدات رێککەوتننامەکە لە ناوەڕۆک و ئامانجەکەی بەتاڵ بکاتەوە.

شێخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”پەکەکە دیارترین ئامرازە بەدەست ئەو نەیارانەی كوردستانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان لە گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان و تەواوی كوردستانیشدا. هەر لەم چوارچێوەیەدا هەماهەنگییەکی تەواو لە نێوان رێکخراوەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبیدا هەیە“. گوتیشی: ”لەبەر ئەوەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر ئەوەی تەواوی بڕگەکانی رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێن، بۆیە نەیاران لە رێی دارودەستەکانیانەوە فشاری دەخەنە سەر، لەناویشیاندا هێرشی راستەوخۆ، وەک ئەوەی لە ئامێدی هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و ئەفسەرێکی پێشمەرگەیان شەهید کرد، هەروەها خۆپیشاندانەکەی سلێمانییان گۆڕی بۆ ئاژاوەگێڕێ و سووتاندنی دامودەزگا و بارەگاکان و کوشتنی خەڵک، جگە لە دروستکردنی گرفتی دارایی و یاسایی بۆ حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، هەموو ئەمانە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و سەپاندنی هەژموونی وڵاتانی نەیاری كوردستانە لە ناوچەکە“.

شێخۆ دەشڵێ: ”پەکەکە لە باکووری كوردستان ئەزموونێكی شكستخواردووی هەیە، بۆتە هۆی شەهیدبوونی دەیان هەزار کوڕ و کچی کورد و ڕوخاندنی زیاتر لە چوار هەزار گوند و دەیان شار و کۆچپێکردنی ملیۆنان کورد بۆ شارەکانی تورکیا، وەک ئیستەنبۆڵ، ئەنقەرە و ئەزمیر، هەروەها راکردنی چەککدارەکان و سەرکردەکانی پەکەکە لە مەیدانی خەباتیان و روو کردنە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان“.

ئەو سیاسەتمەدارەی ڕۆژئاوای كوردستان پێیوایە، دوای دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین لە ساڵی 1991 بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و گرینگیدانی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان و پارێرزگاری لێکردنی و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت و مامەڵەی نێودەوڵەتیی لەگەڵ ئەو قەوارەیە، ”پەکەکە وەک سەری ڕمی داگیرکارانی کوردستان لە قەندیل دەرکەوت، بۆ دژایەتیکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان“.

لە كۆتاییشدا جەختی كردەوە: ”هەموو رەنج و بەرهەمی پەکەکە تا ئەمڕۆ ئەوە بووە، ئەجێندای داگیرکاران لە هەر چوار پارچەی کوردستان جێبەجێ بکرێ، ئەمەش هەقیقەتێکە گەورە و بچووک، تەنانەت ئەندامەکانی ناو پەکەکەش دەیزانن، بەڵام هیچ هێز و دەسەڵاتێکیان بەسەریدا ناشکێ“.










باسنيوز


Top