گەنجێک بە مامەڵەی پشدەرییانە خەڵکێکی زۆر لە راپەڕین فریو دەدات
بازرگانەکە ناوی سلێمان ئیسماعیل سلێمانە و بە "سلێمانی هەڵشۆیی" بەنێوبانگە. بەپێی هەژماری فەیسبووکەکەی، لەدایکبووی ساڵی 1992ـە.
بە گوتەی بەشێک لەوانەی قەرزیان لەلای سلێمانە، ئەو بازرگانە بەشێوازی قیست ئۆتۆمبێل، دەمانچە، ئاژەڵ و کەلوپەلی دیکەی لە خەڵکی دەڤەرەکە وەرگرتووە و پێی گوتوون، دوای چەند مانگێک پارەیەکی زیاتریان دەداتێ. کاتێک بەهای ئۆتۆمبێلی کەسێک 10 هەزار دۆلار بووە، سلێمان بە 15 هەزار دۆلار وەری گرتووە، بەڵام بەو مەرجەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا بۆ نموونە؛ چوار مانگ پارەکەیان پێبدات.
دانیشتوویەکی باڵەکایەتی کە ناوی پارێزراوە و ئۆتۆمبێلی داوەتە ئەو بازرگانە، دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکەی بە شەش هەزار و 500 دۆلار پێداوە، بەڵام بەیانیی ئەمڕۆ بە هاوڕێکانی ئەوی گوتووە، "مایەپووچ بووە".
ئەو سەرچاوەیەی ئاماژەی بەوە کرد، خۆی نەچووەتە پشدەر، بەڵام نزیکەی 10 هاوڕێی لەوێ هەیە و چەند جۆرێک ئۆتۆمبێلیان داوەتە بازرگانەکە و کۆی گشتیی پارەی هاوڕێکانی نزیکەی 80 هەزار دۆلارە.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای لەسەر ئەو رووداوە تۆمارنەکردووە و "کەیسی لەو شێوەیەمان نییە".
بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراوەتەوە، هێزێکی ئەمنی ئەو بازرگانە دەبەن، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو هێزە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین نییە و ئاگاداری نین". بەپێی زانیارییەکانیش، هێزەکە هێزێکی ئاسایشی قەڵادزێ بوون و "بۆ پاراستنی گیانی سلێمان هەڵشۆیی بردوویانە و دەستبەسەریان کردووە".
بەپێی ئەو وێنە و دیمەنانەی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراونەتەوە، بەشێک لەو کەسانەی ئۆتۆمبێلیان بەو بازرگانە داوە، لە بەردەم ماڵەکەیدا گردبوونەتەوە و داوای پارەکانیان دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان ئەو بازرگانە مەرجەکانی بۆ ئەو کەسانە ئەوە بووە کە سکاڵای لەسەر تۆمار نەکەن و هیچ رێککەوتنێکی نووسراو لەنێوانیاندا نییە. ئەگەر سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن، سلێمان هەڵشۆیی بە ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر دەکرێت کە تایبەتە بە فێڵکردن لە خەڵکی. ئەو مامەڵەیەی ئەو بازرگانە لەگەڵ خەڵک کردوویەتی، پێی گوتووە، "مامەڵەی پشدەرییانە."
"مامەڵەی پشدەرییانە" لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و دەڤەری پشدەر بە تایبەتی زۆر لەنێو کاسبکاران بەکاردەهێندرێت، ئەو کەسەی کە دەڵێت بە "مامەڵەی پشدەرییانە" ئەو کەلوپەلە یان ئۆتۆمبێلەت لێدەکڕم بە واتای ئەوەی کە مامەڵەیەکی راستگۆیانە دەکات و هیچ فێڵێکی تێدا ناکات.
مستەفا محەممەد سلێمان، کوڕە مامی سلێمان هەڵشۆییە، گوت، "پارەی ماڵی ئێمەشی بردووە و ماڵوێرانی کردین، من خۆم بایی زیاتر لە 5 دەفتەر دۆلار ئۆتۆمبێل و دەمانچەم پێیداوە.. ئەو پێشتریش بە ئێمەی نەگوتووە کە چی دەکات و چۆن دەیکات، بەڵام وابزانم بیتکۆینی بەکاردەهێنا".
بیتکۆین دراوێکی دیجیتاڵییە و لە بۆرسەی جیهانیدا مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئێوارەی رۆژی چوارشەممەش بەهاکەی بەرزبووەوە بۆ 20 هەزار و 398 دۆلار.
بە گوتەی مستەفا، درەنگانی شەوی رابردوو خزمێکی خۆیان کە زاوایشیەتی پەیوەندیی پێوەکردووە و چووەتە ماڵی سلێمان، ئەو لەوێ "بە گریان و رۆڕۆوە پێی گوتم کە مایەپووچ بووە و بیتکۆین پامپ هەموو پارەکەیان بردووە".
لە باسی ئەو کەسانەی کە قەرزیان لەلای سلێمانە مستەفا گوتی، "پارەی هەموو پشدەری لایە"، کاتێک رووداو پرسیاری لێکرد بۆ ژمارەیەکی دروستتر، ئەو گوتی، "نزیکەی 500 کەس دەبن".
rudaw -
