خەسرەو گۆران: لە ڕووی تەکنیکی و سیاسییەوە ئامادەکارییەکی ئەوتۆ بۆ هەڵبژاردنی عێراق نەکراوە
بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى رایدەگەیەنێت کە تاوەکو ئێستا نازانرێ کە هەڵبژاردنی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەکرێ یان نا، دەشڵێ لە ڕووی تەکنیکی و سیاسییەوە ئامادەکارییەکی ئەوتۆ بۆ هەڵبژاردنەکە نەکراوە.
خەسرەو گۆران، بەرپرسى دەزگاى هەڵبژرادنى پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیاند: "تا ئێستا نازاندرێت پڕۆسەى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق، کە بڕیارە لە 6ى ئایارى ساڵى داهاتوو ئەنجام بدرێ بەڕێوە دەچێت یان نا، چونکە هەم لە رووى تەکنیکى هەمیش لە رووى سیاسییەوە ئامادکارییەکى ئەوتۆ نەکراوە بۆ پڕۆسەکە، بەڵام لە حاڵەتى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کوردانى دانیشتووى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم دەتوانن دەنگى خۆیان بدەن".
راشیگەیاند: "لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى 2018 هیچ رێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا نەکرابوو، کوردانى ناوچەکانى کەرکووک و مووسڵ و دیالەش بەشدارى هەڵبژاردنەکانیان کرد و دەنگى خۆیان دا، بەڵام هیوادارین بەر لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى داهاتوو، رێککەوتنێکى هاوشێوەى شنگال لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند ئەنجام بدرێت و دۆخى ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە و بارەگاکانى پارتى بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" دەنگدان مافێکى سروشتى هەموو تاکێکە بەپێى دەستوور، بۆیە هەموو پێکهاتەکانى عێراق بەبێ جیاوازى مافى بەشداریکردنیان لە پرۆسەى هەڵبژاردنەکان هەیە، چ لە شوێنى خۆیان بن یان ئاوارە، بەڵام لە حاڵەتى سەقامگیرى دۆخى سیایى و ئەمنى هاووڵاتیان زیاتر بەشدارى پڕۆسەى هەڵبژاردن دەکەن".
باسنيوز
