چالاكوانێكی سلێمانی بۆ عەلی حەمەساڵح: تەنیا خۆفرۆشەكان گەندەڵی دەكەنە پاساوی بێڕێزیكردن بە ئاڵا
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان، لە یادی ڕۆژی ئاڵای كوردستان، نووسینێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردۆتەوە و بە پاساوی دۆخی ئابووری و گەندەڵییەوە، دژایەتیی ئەو كەسانەی كردووە كە لە ڕوانگەی نیشتمانییەوە یادی ڕۆژی ئاڵایان كردۆتەوە.
لە بەرامبەردا ئاڕتین جەلال بەگ، چالاكوان لە سلێمانی، رایگەیاند: ”بەهۆی ئەو ڕقە مێژووییەی لە دژی كوردستان و ئاڵاكەی هەیە، نزیکەی شەست ساڵە دوژمنانی کورد لە ڕێی کۆمەڵێک بەکرێگیراو و مەقاشەوە، بەردەوام لە پیرۆزییە نەتەوەییەکانی کوردیان داوە، عەلی حەمە ساڵح و هاوئاوازانیشی لەو هاوکێشەیە بەدەر نین، هەرگیز چاوەڕوانی زیاتر و باشترمان لێیان نەبووە“.
ڕوونیشی كردەوە، خۆشویستن و ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان، پەیوەندی بە گەندەڵی و خراپیی سیستەمی فەرمانڕەواییەوە نییە، ئەگەر پەیوەندی هەبوایە، ”دەبوایە زۆربەی خەڵكی وڵاتانی دونیا ڕێز لە ئاڵاكانیان و نیشتمانەکەیان نەگرن“. جەختیشی كردەوە: ”تەنیا کوردە خۆفرۆشەکانن گەندەڵییان كردووەتە بیانوو بۆ بێڕێزیكردن بە ئاڵا و نیشتمان“.
ئاڕتین جەلال بەگ دەڵێت: ”هەندێك پەرلەمانتار گەندەڵییان کردووەتە بیانوو بۆ دژایەتیی ئاڵای كوردستان، ئەگینا کێ گەندەڵی کردووە؟ مەگەر هەر خۆیان و حزب و سەرکردە و هاوڕێکانی خۆیان نەبوون؟ کێیە لە ناوجەرگەی سلێمانی ١٢٢ دۆنم موڵکی گشتی داگیر کردووە؟ کێیە لە خاڵە سنوورییەکان ٢٩ ساڵە خەریکی قاچاخچێتییە؟ زۆر نموونەی تریش“.
ئاماژەشی بەوە كرد: ”ئاڵا و هەموو ڕەمزە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان شووناسی ئەو خەڵکەن کە کوردن، ڕێزگرتن و خۆشویستنیان هیچ پەیوەندییەکی بە شێوازی ئیدارەدان و حکومڕانی و بوونی گرفت و گەندەڵی و قەیرانەوە نییە. هیچ کەس لەبەر بوونی کێشە و کەموکوڕی ماڵەکەی خۆی ناسووتێنێ و نەفرەتی لێناکا، بەڵکو هەوڵی چاککردن و پاراستنی ئەدات“.
باسنیوز
