دوکان.. مەرج و ڕێنوێنیی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان بۆ ھاووڵاتییان خرانە ڕوو

دوکان.. مەرج و ڕێنوێنیی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان بۆ ھاووڵاتییان خرانە ڕوو
قایمقامی دووکان ڕای گەیاند بابەتی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی دوکان تەواو بووە و ھەندێ مەرج و ڕێنوێنی دیاری کراون و ھاووڵاتییان دەتوانن لە ھەفتەی داھاتووەوە داواکاری بۆ ئەو بابەتە پێشکەش بکەن.

سیروان سەرحەد، قایمقامی دوکان ڕایگەیاند: "بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنوری شارەوانی زیادەڕۆییان کراوەتە سەر، لیژنەی باڵای تاپۆکردن لە سنووری قایمقامیەتی دووکان، کارەکانی تایبەت بەو بابەتە تەواو کردووە و ھاووڵاتییان دەتوانن لە ھەفتەی داھاتووەوە سەردانمان بکەن و مامەڵەکانیان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش بکەن".

گوتیشی: "پێویستە ئەو ھاووڵاتـییانەی خانووەکەی زێدەڕۆیە پێش ڕێکەوتی ١٣/ ٣/٢٠١٨ خانووەکەی دروست کردبێت و بەمەبەستی نیشتەجێبوون بە کاری بھێنێت، ھەروەھا ئەو ھاووڵاتییانەی خانووەکانیان لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە ڕوخێندراون، دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن".

سیروان سەرحەد ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو ھاووڵاتییانەش کە پێشووتر مامەڵەیان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش کردووە، بەڵام بەھۆی بوونی ھەر کێشە و گرفتێکی ھونەری نەخشەیی، مامەڵەکانیان نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، دەتوانن سەرلەنوێ داواکاری بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش بکەنەوە".














باسنیوز


Top