نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوەستە لەسەر مافى پێکهاتەکانى هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوەستە لەسەر مافى پێکهاتەکانى هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات
بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەند و ماددە یاساییەکانى تایبەت بە پاراستنى مافەکانى مرۆڤ و بەتایبەت مافى پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر کۆنفرانسێکى رێک خست.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧/١٢/٢٠٢٠ کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونى نوێنەرى سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانى هەرێمی کوردستان و عێراق، دەستى پێ کرد کە سندووقى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانى مرۆڤ پشتیوانى دەکات و پڕۆگرامى مافەکانى مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتى دەکات.

نەوزاد پۆڵس نوێنەرى پێکهاتەى کریستیان لە کۆنفرانسەکەدا باسی لەوە کرد لە عێراق چەقی کێشە و ململانێی مانەوەى پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانە و لە هەموو گرژى و ئاڵۆزییەکانیشدا هەر ئەوان بوونەتە قوربانى، بۆیە ئێستا ئەو کۆنفرانسە قسە لەسەر ئەگەرەکانى بەردەم مانەوەى پێکهاتەکان دەکات و دەمانەوێ مافەکانمان وەک خۆی بۆ دابین بکرێت.

ئاماژەى بەوەش کرد: "لە ساڵى ٢٠١٥وە یاساى ژمارە ٦ى پاراستنى مافى پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەییەکانى هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانى کوردستان پەسەند کراوە، بەڵام دەمانەوێ ئەو یاسایە زیاتر لە کرداردا ببینرێت، ئەگەر باسی عێراقیش بکەین زۆرترین گرفتمان لەگەڵ عێراق ئەوەیە کە ڕەشکردنەوەى دیموگرافى و دژایەتیى ئایینی و نەتەوەییمان دەکرێت و زۆرترین زیانمان بەر کەوتووە، هەرچی ئاڵۆزییەکانیشە دەبینین لە ماوەى شەڕی تیرۆریستانى داعش لە ناوچەى پێکهاتەکانى ئایینی و نەتەوەیی بووە و زۆرترین زیانمان بەر کەوتووە و ئەوە لە گوندەکانى کاکەیی و ئێزدییەکانەوە تا دەگاتە دەشتى نەینەوا و تەقاندنەوە و خاپوورکردنى شوێن و شوێنەوارە ئایینى ە خواپەرستیمان".

لەبارەى داواکارییەکانیان لە کۆنفرانسەکەدا نەوزاد پۆڵس باسی لەوەش کرد: "ئەوان داوا دەکەن بە نێوەندگیریی نێودەوڵەتى لە نێوان حکوومەتى عێراق و هەرێمی کوردستان قسە لەسەر دۆخى ناوچەکانى پێکهاتەکان بکرێت و ببێتە یەکێک لە خاڵەکانى گفتوگۆی نێوان عیراق و هەرێمى کوردستان".

بەپێی بەرنامەى کۆنفرانسەکە ئەلیزابێس تیشی ڕێکخەرى مافەکانى مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئۆنلاین بەشدار بووە و تێیدا باس لە چۆنیەتیى پاراستنى ناسنامەى ئەو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییانە کرد و روونیشی کردەوە کۆچی ئەندامانى ئەو پێکهاتانە بۆ دەرەوەى عیراق مەترسی لەسەر داهاتوویان دروست دەکات و گلەییشی لە حکوومەتى عێراق کرد کە سەربارى هەستکردن بە مەترسییەکانى سەر ئەو پێکهاتانە هێشتا ناتوانێ، یان نایەوێ ئەو گرفتە چارەسەر بکات بە دروستکردنى پشتێنەى ئەمنى بۆ ئەو پێکهاتانە.












باسنيوز




Top