قایمقامی پێشووی خانەقین بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزا درا

قایمقامی پێشووی خانەقین بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزا درا
بەرێوەبەری پۆلیسی خانەقین، ئاشكرای كرد ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای تاوانەكانی كەركووك/ گەرمیان، بڕیاری دوو ساڵ زیندانیكردنی بۆ قایمقامی پێشووی خانەقین دەرکردووە.

عەقید دیار شەكەوت، بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین، رایگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەمە ١٦ی١٢ی٢٠٢٠ دادگای تاوانەكانی كەركووك/ گەرمیان، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بەسەر محەمەد مەلا حەسەن، قایمامی پێشووی خانەقیندا سەپاندووە."

گوتیشی: "سزادانەكە بەپشتبەستن بە مادەی (٣٣٥) لە یاسای سزادانی عێراقی بووە كە تایبەتە بە بەكارهێنان و ئاسانكاریكردن بۆ دەستبەسەرداگرتن و بەكارهێنانی موڵكی گشتی لەلایەن خۆی یان كەسانی دیکەوە."

راشی گەیاند: "قایمقامی پێشووی خانەقین تاوانبار كراوە بە ئاسانكاری بۆ دروستكردنی گەراجێك بە تەجاوز لەسەر موڵكی گشتی لە شارەكە، ھەر بۆیە ئەو حوكمەی بۆ بڕاوەتەوە."

بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین ئاماژەی بەوەش کرد: "دۆسییەكە بۆ چەند ساڵێك پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەوكاتەی كە ناوبراو قایمقام بووە، واتە پێش ئەوەی خانەنشین ببێت، هاوكات ماوەی سزاكەشی لە سلێمانی بەسەر دەبات."

محه‌مه‌د مه‌لا حه‌سه‌ن، قایمقامی پێشووی قه‌زای خانه‌قین ماوی ١٧ ساڵ لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو پۆستەی لە ئەستۆ بووە و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ خانەنشین کرا، پاشان دلێر حەسەن سایە وەک قایمقامی نوێی خانەقین دەستنیشان کرا.










باسنیوز


Top