بودجە بۆ تەواوکردنی پردی بەنداوی سماقووڵی تەرخان ده‌كرێ

بودجە بۆ تەواوکردنی پردی بەنداوی سماقووڵی تەرخان ده‌كرێ
دوای وه‌ستانی بۆ ماوەی چەند مانگێک بەھۆی قەیرانی داراییەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕە بودجەیەکی بۆ تەواوکردنی پردی به‌نداوی سماقووڵی دابین کرد و قایمقامی کۆیەش دەڵێت بڕیارە لەماوەی ٤٠ ڕۆژدا کارەکانی تەواو بکرێن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/12/2020، یووسف کەلکانی، قایمقامی کۆیە ڕایگەیاند:" بەھۆی نەبوونی پردێکی گونجاو بۆ پەڕینەوەی ئۆتۆمبیل بەڕێگەی سەر بەنداوی سماقووڵی کە ڕێگەیەکی سەرەکی و قەرەباڵغە و پارێزگای ھەولێر بە سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە، گرفت بۆ شوفێران دروست دەبوو، بەتایبەت لە وەزری بارانبارین".

یووسف کەلکانی گوتیشی: "لەماوەی ڕابردوودا کۆمپانیایەک ھەستا بە کارکردن بۆ دروستکردنی پردێکی گونجاو، ھەرچەندە بەشێکی کارەکانیشی تەواوکرد، بەڵام بەھۆی ھاتنەپێشەوەی قەیرانی دارایی، کارەکانی وەستا، به‌ڵام خۆشبەختانە لە ئێستادا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕی دوو ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی پردەکە دابین کردووە".

قایمقامی کۆیە ڕونیشیکردەوە کە لە ئێستادا کۆمپانیاکە ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی دەستبەکار بێتەوە و بڕیارە لەماوەی ٤٠ ڕۆژی داھاتوودا کارەکە تەواو بکات.

بەگوتەی قایمقامی کۆیە بە تەواوبوونی ئەو پردە، وێڕای ئەوەی کە گرفتەکانی ھاتوچۆی سنوورەکە کەم دەبنەوە، گووشار سەر ڕێگاکانی کۆیەش، بەتایبەت کە ئۆتۆمبیلی بارھەڵگر دروستی کردووە کەمدەبێتەوە، ھەروەک کاریگەریشی دەبێت لەسەر گەشتوگوزار، بەتایبەت کە ناوچەکە گەشتیارییه‌.











باسنیوز


Top