کۆنفڕانسی ئەمساڵی رێکخراوی لانەی ژنان تایبەت بوو بە کارکردنی ئافرەتان لەکەرتی تایبەت

کۆنفڕانسی ئەمساڵی رێکخراوی لانەی ژنان  تایبەت بوو بە کارکردنی ئافرەتان لەکەرتی تایبەت


رێکخراوی لانەی ژنان کە کار بۆ پەرەپێدانی ھۆشیاری ئافرەتان دەکات، لە کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆیەدا ھەر جارەوە بابەتێکی پەیوەست بە ئافرەت و ئەرک و مافەکانی دەوروژێنێت و دەیخاتە روو، ئەویش بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارەی گونجاو و باشتر کردنی دۆخی خانمان، کۆنفڕانسی ئەمساڵیان تایبەت بوو بە کارکدنی ئافرەتان لە کەرتی تایبەت.
لەکۆنفڕانسەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگی کارکردنی ئافرەت و بوونی داھاتی سەربەخۆ بە بەرھەڵستییەکی گەورەی توندەتیژی سەر ئافرەتان ھەژمار کرا، کۆنفڕانسەکە لە چوار پانێڵ پێکھاتبوو، کە لەلایەن د. ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و تانیا جەمال بەرپرسی یەکسانی جەندەری لە وەزارەتی کار و لێلاڤ سەمیر بەڕێوەبەر لە کەرتی تایبەت و بازرگان لەگەڵ جوان رۆژبەیانی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەڕَوەچوو.
لەلای خۆیەوە پارێزەر لانە ئامانج سەرۆکی رێکخراوی لانەی ژنان بۆ گوڵان گوتی:" بۆ کۆنفڕانسی ئەمساڵمان بە مەبەست ئەم بابەتەمان ھەڵبژارد، ئامانجمان لە خستنەرووی ئەم بابەتە ئەوەیە کە لەم بارودۆخە سەختە ئابوورییەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، دەکرێ خانمانیش لە مەیدانی کار و پەیدا کردنی بژێوی رۆژانە تواناکانیان بسەلمێنن، لەکاتێکدا مەبەستمان پەرەپێدانی ھۆشیاری کۆمەڵایەتی و خێزانی کۆمەڵگەکەمانە، ھەوڵبدەین لە کەرتی تایبەت ھەلی کار بۆ ئافرەتان بڕەخسێنین و ئافرەتان لە پاڵ پیاواندا ئەرکی دارایی خێزان ھەڵبگرن، ھەروەھا فشار لەسەر حکومەت و کەرتی گشتی نەمێنێت، وێڕای ھاندانی ئافرەتان و کارکردنیان لە کەرتی تایبەتدا، پێویستە ئەوە بڵێین کێشەی شیستیغلالکردنی خانمان لە میانەی کارکردنیان یەکێکە لە رێگرییەکانی کارکردنی ئافرەتان، ھیوادارین بگەینە قۆناغێک کێشەی توندوتیژی و چەوسانەوەی ئافرەتان لە کۆمەڵگەکەمان نەمێنێت، نەک ھەر ئەوەندە بەڵکو لە داھاتوودا ئافرەتان رۆڵێکی گرنگتریان لە کۆمەڵگەکەماندا ھەبێت".
Top